سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کورد بە دۆستی ئەمریکا ناودەبات و رایدەگەیێنێت ”بەشداریی کورد لە گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا بەرز دەنرخێنین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کورد بە دۆستی ئەمریکا ناودەبات و رایدەگەیێنێت ”بەشداریی کورد لە گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا بەرز دەنرخێنین”.
هەژماری نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکیدا کە وێنەیەکی جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی داناوە، نووسیویەتی”خۆشحاڵین بە پێشوازیکردن لە دۆستە کوردەکانمان بۆ واشنتن دی سی”.
لە توویتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان هاوبەشی سەرەکین لەشەڕی دژ بە داعش و واشنتن بەشداریی کورد لە گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق بەرز دەنرخێنێت.
دەقی تویتەکەی نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا :
“خۆشحاڵین بە پێشوازیکردن لە دۆستە کوردەکانمان بۆ واشنتن دی سی و هەروەها نیشاندانی دیمەنی پایتەختەکەمان. سەرۆک بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکین لە شەڕی دژ بە داعش، هەروەها ئێمە بەشداریی ئەمڕۆیان لە گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق بەرز دەنرخێنین”.

تویتەکەی نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

 

بڕیارە رۆژی 26ـی ئەم مانگە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی هەردوولا دەبێت.
کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی کازمی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی رۆژی 26ـی تەممووز پێشوازی لە مستەفا کازمی دەکات؛ لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تاوتوێی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی دوولایەنە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی هەردوولادا دەکرێت”.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە “هەر لەو سەردانەدا جەخت لە چەند پرسێکی گرنگی بەرژەوەندیی هاوبەش دەکرێتەوە، بەتایبەت لە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، کولتووری، وزە و کەشوهەوا”.
 بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە یاوەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن پێکهاتوون لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەمید هەژار ئیسماعیل، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و لاوک سەڵاح، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
هه‌واڵی زیاتر