سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

هاوپەیمانان : بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکمان لە پارێزگای هەولێر

بەرەبەیانی رۆژی هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە نزیک شارۆچکەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج، هێرشەکە زیانی ماددی و گیانی نەبووە.
وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش راگەیاند، “لە رۆژی 23ی تەممووزی 2021 کاژێر 1:23 خولەکی بەرەبەیان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە کوردستان کردە ئامانج. هێرشەکە زیانی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئاگا دەمێننەوە و لە چوارچێوەی مافی سرووشتییاندا، بەرگری لە خۆیان دەکەن”.

هێرشەکانی بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە کاتێکدایە کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ماوەی سێ رۆژە لە ئەمریکایە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق کە بڕیارە تەوەری سەرەکیی گفتگوگۆکان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت لە وڵاتەکە.
گفتوگۆکان لە رۆژی 26-07-2021 بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەدەچن.

د. فوئاد حوسێن بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە: “پێویستیمان بە سەربازی دیکە نییە بۆ عێراق، چونکە لە راستیدا ژمارەی پێویستی ئەو سەربازانە هەن، ئەوەی پێویستمانە هاوئاهەنگییە لە بواری هەواڵگریدا، پێویستیمان بە هاوکاریی ئەمریکایە لە راهێناندا، دەمانەوێت هێزەکان هاوکارمان بن لە ئاسمانەوە.”
ئامانج لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و بنکەکانی ئەمریکا دروستکردنی گوشارە بۆ سەر وڵاتەکە لە پێناو خێراترکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، ئەو هێرشانە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرکی دەستەی حەشدی شەعبی زیاتر بوون.
جگە لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، لەلایەکی دیکەوە لایەنە شیعەکان هەوڵیانداوە لە رووی یاساییەوە پاڵپشتی لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بکەن، ئەوەش لە رێگەی کۆکردنەوەی نزیکەی 170 دەنگ لە پەرلەمانی عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە ئێستا ژمارەیان نزیکەی 2500 سەربازە لە وڵاتەکە.
هه‌واڵی زیاتر