سوپای عێراق دروێنەی گەنم و جۆ لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک قەدەغە دەکات. نوێنەری جووتیارانی کوردیش دەڵێت، بڕیارەکە هەڵنوەشێندرێتەوە، خۆپیشاندان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند، “بە بڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، سەرجەم جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان ئاگەدارکرانەوە کە دروێنەکردنی بەرووبوومەکانییان قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت”.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بڕیارەکەی سوپای عێراقی بە “شۆڤینی” ناوبرد و گوتی، “پابەند نابین و لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکە، سبەی دووشەممە، 29-04-2024، لە دژی بڕیارەکە خۆپێشاندان دەکەین و قبووڵی ناکەین”.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، “هیچ بیانوویەک بۆ ڕێگری کردن لە دروێنەی جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان نییە و بە بڕیاری دادگا گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان هەڵوەشاوەنەتەوە”.
محەممەد ئیسماعیل داواشی لە نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەت شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد دەستێوەردان بکەن و بڕیارەکە پووچەڵ بکاتەوە .