سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەردۆغان هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر دەكات

سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند كە هەفتەی داهاتوو لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ عێراق، سەردانی هەولێریش دەكات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبۆڵ گوتی: هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەكەم و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی تری عێراق كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین.

گوتیشی: دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكانمان لە بەغدا، سەردانی هەولێریش دەكەم و لەوێ لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی ناوەند و هەرێم و چەند بابەتێكی تر پەیوەست بە عێراق و توركیا دەكەین.

بەگوێرەی زانیارییەكان سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا بە دروستی لە رۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوو رێكەوتی 22/4/2024 دەبێت، وەك پێشبینیش دەكرێ گرینگترین بابەتی گفتوگۆكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی ئاو و وزە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەماهەنگی بۆ نەهێشتنی تیرۆر لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەبێت.

ئەردۆغان هەفتەی رابردووش بەهەمانشێوە لە كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا لە ئەنقەڕە رایگەیاندبوو كە لە چوارچێوەی گەشتەكەی بۆ عێراق و دوای تەواوبوونی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی لە بەغدا، سەردانی هەولێریش دەكات.

راشیگەیاندبوو كە لەلایەن عێراقەوە داوایان لێكراوە كێشە و گرفتەكانی ئاو و نەوت و گازی سروشتی لەنێوان هەردوولایاند چارەسەر بكرێت، هەنگاوەكانی ئەوانیش بەم ئاراستەیە دەبێت و هەموو هەوڵێكیان دەخەنەگەڕ كێشەكان بگەیەننە كەنارەكانی چارەسەر.

هه‌واڵی زیاتر