سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

دوایین زانیاری لە بارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق


بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە 27ی 1ی 2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، یەکەم خولی گفتوگۆی دووقۆڵیی لەنێوان عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەست پێکردووە، بەڵام میدیا و بەرپرسانی ئەمریكی دەڵێن، گفتوگۆكان بۆ بابەتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نیین لە عێراق، بەڵكوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی توانای سەربازی و پاراستنی سەروەرییە. لای خۆشیانەوە، ئەو گرووپە میلیشیاییانەی ناویان لە خۆیان ناوە (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمریكا رەت دەكەنەوە و بەردەوامیی هێرشەكانی لە دژی بوونی بنكەكانی ئەمریكا راگەیاندووە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەستپێکردنی خولی یەکەمی گفتوگۆی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای، بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق دەست پێكردووە.

بەڵام هێزەكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمریکا رەت دەكەنەوە و بەردەوامیی هێرشەكانیان لە دژی هێزەكانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەكە رادەگەیەنن. بەرپرسان و میدیای ئەمریكییش، قسەی دیكەیان هەیە.

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، كە لە ژمارەیەك هێزی میلیشیایی پێكهاتوون، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،: ”ئەمریکا تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات و ئەوان لە هێرشەكانیان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبن و گفتوگۆكردنی حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریكییەكان رەت دەكەینەوە.“

لە بەیاننامەكەدا، ئاماژەیان بەوەش کردووە: “بەپێی ئەوەی بە درێژایی ساڵانی ململانێکان ئەزموونمان لەگەڵ ئەمریكا کردووە، ئەمریكا بەو گفتوگۆیانە، تەنیا مانەوەی خۆی لە عێراق درێژ دەكاتەوە و كات دەكوژێت.“

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن: “وەڵامی ئێمە درێژەدانە بە هێرشكردن بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی ئەم کشانەوە گوماناوییە قبووڵ ناكەین، تاوەكوو لە ئەرزی واقیع ئەو كشانەوەیە بە بردنەدەرەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان و فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی دیکەیان لە تەواوی ئاسمانی عێراق بەدی نەكەن، هەروەها دەبێ ئەمریكییەكان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بكشێنەوە و ئەفسەرەكانیان لەو ناوەندانەدا دوور بخەوە.“

لە بەیاننامەكەدا، بەرەی مقاوەمە هەڕەشە لە حكوومەتی عێراق دەكات: ”ئەگەر بە هەر بیانوویەک پارێزبەندی بە هەر هێزێکی بیانی بدات، هەروەها هەر پابەندبوونێک لە لایەن حکوومەت، یان خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانییەوە بۆ پاراستنی ئەو هێزانە، بەرەی مقاوەمە ئەوە بە خیانەتێکی مێژوویی لە عێراق و خوێنی شەهیدەکان دەزانێت.“

لای خۆشیانەوە، ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی پشتڕاستی کردووەتەوە کە دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەسەر پرسی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، پێش هێرشی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکردووە و بەردەوامە، بەڵام دانوستانەكان بۆ کشانەوەی سەربازە ئەمریكییەكان لە عێراق نییە.

هاوكات، سەبرینا سینگ، گوتەبێژی پنتاگۆن ڕەتی کردەوە، گفتوگۆکانی لێژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا، پەیوەندیی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقەوە هەبێت.

بە گوتەی سینگ، مەسەلەکە سەبارەت بە داهاتووی عێراق و دڵنیابوونە لەوەی کە ئامادەیە بۆ سەرکەوتن لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەروەریی خۆی و چۆن ئەمریکا دەتوانێت پاڵپشتیی عێراق بکات، بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات.

هه‌واڵی زیاتر