سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەم كچه‌ قوتابییه‌ كوردە به‌ دەستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئێران كوژرا

کچه‌ قوتابییه‌كی لاوی خەڵکی شاری (کۆیەشت) لە پارێزگای لوڕستان لە كوردستانی ئێران به‌ته‌قه‌ی ڕاستەوخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران كوژرا.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند،  ئێوارەی ڕۆژی هەینی  19ی1ی2024، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتى ئێران لە ناوچەی نیزامابادی شاری بروجێرد لە پارێزگای لوڕستان، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (پیجۆ 206) کردووە و بەو هۆیەشەوە کچێکی كوردی تەمەن 20 ساڵ، بە ناوی (ئاناهیتا ئەمیرپوور)، قوتابیی قۆناغی یەکەمی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی ئازادیی بروجێرد، گیانی لەدەست دا، کەسێک بە ناوی (م. جەلاییفەر)، خەڵکی شاری بروجێرد، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و خۆیشی قوتابییە، بە سەختی بریندار بووە و ئێستاش لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی (شەهید چەمران)ی شاری بروجێردە.

هه‌نگاو ڕای گەیاندووە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو قوتابییە، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان بووەستێنن و دایانبەزێنن، بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەسانە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە، شۆفێرەکەش ترساوە و ویستوویەتی هەڵبێت، کەچی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێران دەستڕێژی گوللـەیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو کەسە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵە و هاوڕێیەکانی ئەو دوو کەسە، کە نابێت هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە بڵاو بکەنەوە، هەر لەو پەیوەندییەدا، دوێنێ یەکشەممە 21ی1ی2024، دوو فەرمانبەری نەخۆشخانەی (شەهید چەمران)ی بروجێرد، لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەوە بانگ کران و هەڕەشەیان لێ کراوە.

شایانی باسە، کە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران و هێزی ئینتزامیی بروجێرد، هیچ شتێکیان لەوبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام موسلیم مورادی، قایمقامی ئەو شارە، لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بەو هەواڵە، بە ڕاگەیاندنە حکوومییەکانی ڕاگەیاندووە: دوای تەقینەوەكانی کرمان و شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ماوەی ڕابردوو لە سیستان و بەلووچستان، هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دزەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە سەربازی و ئینتزامییەکان، بە مەبەستی پشکنین، چاودێری و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەر جووڵەیەکی نائاسایی، کە ئاسایشی ئێران بخاتە مەترسییەوە، لە ئامادەباشیدان.

لە درێژەی قسەکانیدا  رایگه‌یاند: لەوبارەوە، هێزەکانی ئینتزامیی شاری بروجێرد، گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بیجۆ 206 هەبووە و دوای ئەوەی فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە، کە دوو کەسی تێدا بووە، گرنگییان بە هۆشدارییە بەردەوامەکانی هێزە ئینتزامییەکان نەداوە و هەوڵیان داوە هەڵبێن.

لە کۆتاییدا، مورادی وێڕای ئاماژەنەکردن بە ناسنامەی ئەو دوو قوتابییە، باسی لەوە كردووە: یەکێکیان دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیکەیان لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە،” بەڵام سەرچاوەکانی ڕێكخراوەكە وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم قسانەی فەرمانداری شاری بروجێرد، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران تەقەیان لەو دوو لاوە کردووە و ئاناهیتا ئەمیرپوور گیانی لەدەست داوە.

له‌ كۆتاییدا هه‌نگاو رایگه‌یاندووه‌، بە گوتەی چالاکانی مەدەنیی بروجێرد، فەرماندار و ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارە، بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ئەو کچە قوتابییە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە و زاڵکردنی ئەو دۆخە ئەمنییەتییە بەسەر ئەو شارەدا، بۆ تەقینەوەکانی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە کرمان، هەروەها شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ماوەی ڕابردوو لە سیستان و بەلووچستان دەگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر کوژرانی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ئێرانەوە بێدەنگ بن.

هه‌واڵی زیاتر