سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

عێراق دەست بۆ کارە مەترسیدارەکە دەبات


بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق، حكوومەت كورتەنامە بۆ هاووڵاتییان دەنێرێت و داوای دەربڕینی را و بۆچوونەكانیان لێ دەكات. ئەمریكاش پێی وایە ئەوە خواستی ئێرانە نەك عێراقییەكان.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، “نزیكەی (20) ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی كورتەنامەیەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پێ گەیشتووە، كە تیایدا پرسیاری ئەوەیان لێ كراوە: بۆچوونیان چییە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق؟“

ئەم هەنگاوەی حكوومەتی عێراق دوای راگەیاندنەكەی رۆژی هەینیی رابردووی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دێت، سەبارەت بەوەی حكوومەتەكەی سەرقاڵی دیاریكردنی كاتی دەستپێكردنی گفتوگۆكانە لەگەڵ واشنتۆن، لەبارەی كۆتاییهێنان بە بوونی سوپاكەی لە عێراق.

پەرلەمانی عێراق لە (5) كانوونی دووەمی ساڵی (2020)، دەنگی دا بە بڕیارێك، بۆ دەركردنی تەواوی هێزە بیانییەكان لە عێراق، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە كوژرانی (قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس) كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە لە بەغدا كرانە ئامانج.

واشنتۆن ئەوكات گومانی هەبوو لە بڕیاڕەكەی پەرلەمانی عێراق، لەمبارەیەوە مارك ئەسبر، وەزیری بەرگریی ئەوكاتی ئەمریكا، ئاماژەی بەوە دا: “دانیشتنی دەنگدانەكە هیچ پەرلەمانتارێكی كورد بەشداریی تیادا نەكردووە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی سوننە بەشدار نەبوون، زۆر لە پەرلەمانتارە شیعەكانیش لەژێر هەڕەشەدا بەشدارییان كردووە.“

هەر بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، حكوومەتی عێراق دەستی كردووە بە پێكهێنانی شاندێكی سەربازی، ئەمنی و دیپلۆماسی، بۆ گەیاندنی خواستی عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، كە گوایە عێراق چیتر پێویستی پێیان نییە.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)، ئەمریكا پێی وایە ئەو داوایە خواستێكی ئێرانییە نەك عێراقی.

هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە: “عێراق ترسی هەیە لە رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریكا، لە حاڵەتی بەرەوپێشچوونی هەوڵەكانی دەركردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە واشنتۆن نزیكەی (80%)ی هێزەكان پێكدەهێنێت.“

تیایدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئەو رێوشوێنانە رەنگە ئابووری بن و تەنانەت سەربازییش بن، كە پەیوەستە بە پرۆگرامی چەكداركردن و چاككردنەوەی فڕۆكەی جۆری ئێف (16) كۆپتەر و تانكی ئەبرامز و زریپۆش كە هەموویان دەبنە پارچە ئاسنی بێسوود، ئەگەر واشنتۆن بڕیاری راگرتنی پارچە و پێداویستییەكانی بدات.“

هەر بەپێی راپۆرتەكە: “چوارچێوەی هەماهەنگی بە كۆی دەنگ بڕیاری داوە بۆ جووڵەكردنی حكوومەتی سوودانی، بەڵام كوردەكان بیرۆكەكە رەت دەكەنەوە و دەست بە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانەوە دەگرن لە هەرێمی كوردستان، حزبە عەرەبییە سوننیەكانیش لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێكیان هەیە و لەبەردەم باڵوێزخانەكانی خۆرئاواش هەڵوێستێكی دیكەیان هەیە.“

دەشڵێت “پرسەكە زۆر ئاڵۆزە، نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەوڵەكانی قەناعەتپێكردنی ئەمریكییەكان بە رۆیشتن لە عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوماڵی عێراقیش ناكۆكیی هەیە.“

هه‌واڵی زیاتر