ئافره‌تێكی قه‌زای ڕواندز سبه‌ی ده‌بێته 105 ساڵ
ئافره‌تێك له گوندی ئاكۆیانی سه‌ر به قه‌زای ڕواندز، سبه‌ی له ساڵی نوێ ته‌مه‌نی ده‌بێته 105 ساڵ و كه‌سوكاره‌كه‌شی ده‌ڵێن ته‌مه‌نی له‌وه زیاتره.
( خه‌دیجه یوسف فریاد ) ئافره‌تێكی به ته‌مه‌نه له گوندی ئاكۆیانی سنووری قه‌زای ڕواندز، له ژوورێكی بچووكی خانووێكی قوڕی ساده ده‌ژی، خۆی نازانێ ساڵی چه‌ند له دایك بووه، به‌ڵام به‌پێی ناسنامه‌ی باری شارستانی له ساڵی 1919 له دایكبووه، سبه‌ی له ساڵی نوێی 2024، ته‌مه‌نی ده‌بێته 105 ساڵ، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ڵێن: ” ته‌مه‌نی له‌وه زیاتره‌و هه‌ر به گه‌وره‌یی ناسنامه‌یان بۆ ده‌رهێناوه”. خۆشی ئه‌وه‌ی له‌بیر بوو، كاتێ ناسنامه‌یان بۆ ده‌رهێناوه، ته‌مه‌نی گه‌وره بووه.
پلكه جه‌میله‌ی كچی ده‌ڵیت: “ئاماده نییه بچێته لای هیچ كه‌س، خۆی حه‌ز ده‌كات به ته‌نیا له‌و خانووه بژیت، ئێمه‌ش هه‌موو پێداویستیه‌كانمان بۆ دابینكردووه”. ناوه ناوه خۆشی قسه‌ی بۆ ده‌كردین ده‌یگووت: ” كوڕ‌و كچ و نه‌وه‌كانم زۆر باشن و وه‌ناكه‌ن له هیچ شتێكم كه‌م بێت”.
پلكه جه‌میله‌ی كچی باسی له‌وه‌شكرد، ئێسته چاوه‌كانی كزبوونه‌و لاقه‌كانی زۆر باش نین، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌ندێ له ئیشوكاره‌كانی ڕۆژانه، به‌خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، زۆرجار هێلكه‌و ڕۆن و هه‌ندێ خواردن ئاماده ده‌كات، ته‌واوی نوێژه‌كانی خۆشی به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێ.