سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

باوەڕناکەی ئەم زانکۆ تازە دامەزراوە یەکەمی سەر ئاستی کوردستانە

زاری کرمانجی – سۆران

زانکۆی سۆران بڵاویکردەوە ” بەگوێرەی نوێترین ڕیزبەندیی هەرێمیی ڕانکینگی کیوئێس ٢٠٢٤ بۆ زانکۆکان، زانکۆی سۆران یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و هاوکات لە سەر ئاستی عێراقیش پلەی ھەشتەمی بەدەست هێناوە. بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا کە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو، خەڵاتی کیوئێس بەخشرایە زانکۆی سۆران.

کیوئێس دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی باوەڕپێکراوی تایبەت بە ڕیزبەندیی زانکۆکانە کە ساڵانە ڕیزبەندی بۆ زانکۆکان دەکات. لە نوێترین ڕیزبەندیدا زانکۆی سۆران توانیویەتی سەرکەوتن و پێشڤەچوونی گەورە تۆمار بکات. بە گوێرەی ئەم ڕیزبەندییە نوێیە کە بۆ ساڵی ٢٠٢٤کراوە، زانکۆی سۆران توانیویەتی لەسەر ئاستی گشت زانکۆکانی هەرێم ببێتە یەکەم و لە سەر ئاستی عێراقیش ببێتە ھەشتەم. ئێستا زانکۆی سۆران لە ناو پلەبەندیی ١٢١-١٣٠ دایە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە لە پلەبەندیی ١٣١-١٥٠ بوو، لەم سۆنگەیەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە.

لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی نوێترین ڕیزبەندیی کیوئێسدا، کە ڕۆژی شەممە، ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و باکووری ئەفریقا، لە شاری مەنامە بەڕێوەچوو، خەڵات و بڕوانامەی تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لەلایەن دامەزراوەی کیوئێسەوە پێشکەش بە زانکۆی سۆران کرا.
بەم بۆنەیەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران ئەم سەرکەوتنە لە قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی و هەروەها لە تەواوی کۆڕی ئەکادیمییانی کوردستان پیرۆز دەکات. هاوکات سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لە تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنەدا ڕۆڵیان هەبووە. زانکۆی سۆران بەڵێنی ئەوەش دەدات پارێزگاری لەم پێگە زانستییەی بکات و هەوڵی بەرەوپێشبردنی زیاتریشی بدات.

هه‌واڵی زیاتر