سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

وەزارەتی کشتوکاڵ: لەبارەی دۆسیەی ئاوەوە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، لەگەڵ وەزارەتی سەچاوە ئاوییەکانی عێراق هیچ جۆرە ناکۆکییەکیان لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە.

رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023) وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بە مەبەستی  بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکان رۆژی یەکشەممە 27ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی دۆسیەی ئاو.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “لەژێر رۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو نییە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبوونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە”.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کۆبوونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ئاستێکی زۆر باشدان.

هاوکات ئەوەشی روونکردووەتەوە، لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتەکە بەیەکەوە کاردەکەن بە ئامانجی رووبەڕووبونەوەی ئاستەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاووڵاتییان بەگشتی.

هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەشکردووە، دۆسیەی ئاو بەپێی دەستوور رێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن.

هه‌واڵی زیاتر