بەرپرسێکی باڵای پەکەکە لە شارێکی کوردستان کوژرا
دەزگای هەواڵگری تورکیا کوژرانی مەسعود جەلال عوسمان، بەرپرسی شنگال ـی پەکەکەی راگەیاند.
میدیاکانی تورکیا ئاشکرایانکرد، دەزگای هەواڵگری تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا مەسعود جەلال عوسمان ـی ناسراو بە زاگرۆس چەکدار، بەرپرسی شنگال ـی پەکەکەیان کوشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری، مەسعود جەلال عوسمان لەکاتی چوونی بۆ کۆبوونەوەیەک کراوەتە ئامانج.
هاوکات دەزگای هەواڵگری رایگەیاند، زاگرۆس چەکدار چەندین جار فهرمانی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی توركیای داوە و لە ساڵی 2018 سووریای بەجێهێشتووە و بۆ پاڵپشتیکردنی پەکەکە هاتووەتە عێراق.
ناوبراو لەدایکبووی دەرباسێ ـی رۆژئاوای کوردستانە و ساڵی 2010 چووەتە نێو ریزەکانی پەکەکە. ساڵی 2015 هاتووەتە عێراق و دوای وەرگرتنی مەشق و راهێنانی چەک دووبارە گەڕاوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر میدیاکانی نزیک لە پەکەکە کوژرانی مەسعود جەلال عوسمانیان راگەیاندبوو.