سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

کوردستان لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە بەریتانیا وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشداریکرد

کوردستان لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە بەریتانیا وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشداریکرد

رێکخراوی دەهۆڵ بەفەرمی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی بێرمینگهام بانگهێشتکراوە بۆ بەشداری کردن لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە بەریتانیا و مەرجی بەشداریکردنی ڕێكخراوەكە ئەوەبوو کە کوردستان وەک ناوێکی تەنیا و بەبی ھیچ ناوێکی پاشگر و بە ئالای کوردستان بەشداری بكەن و مەرجەكەیان قبوڵكراوە.

زیرەک ژێدار، سەرۆکی رێکخراوی دەهۆڵ، لەبارەی بانگێشتنامەكە بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر گوتی: بەفەرمی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی بێرمینگهام بانگهێشتکراین بۆ بەشداری کردن لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لە بەریتانیا، فیستیڤاڵەکە لە ناوەراستی مانگی شەش کە لە ١٦ی٦ی٢٠٢٣ دەستی پێكرد تاوەکو ٢٧ی مانگ بەردەوام بوو.

سەرۆکی رێکخراوی دەهۆڵ گووتی: ئێمە لە سەرتادا بۆ بەشداری کردن مەرجمان ھەبوو کە کوردستان وەک ناوێکی تەنیا و بەبی ھیچ ناوێکی پاشگر و بە ئالای کوردستان بەشداری دەکەین و نابێت لە ژێر ئالای عێراق بێت، چونکە ئێمە ئالای خۆمان ھەیە، ئەوانیش مەرجەکەی ئێمەیان قبوڵكرد و، کوردستان وەک  قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشداری کرد و لەرێگەی میوزیک، گۆرانی، جلوبەرگ، شایی و هەڵپەڕکێوە نمایشی فراوانی کولتوور و مێژوویەکی کۆنی پێکەوەژیانی کوردستان پیشان درا، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە رەوەندی کورد لەوێ ئامادەبوون بە جلوبەرگی کوردیەوە.

زیرەک ژێدار گووتیشی: لەم نمایشە کولتوورییانەدا زیاتر لە ٢٠ نەتەوەی جیاواز بەشداربوون و کوردیش وەک یەکێک لەو نەتەوانە بە زمان و ئاڵا و جلوبەرگی خۆیەوە بەشدار بوو، لە رۆژانی بەرێوەچوونی فیستیڤالەکەدا بەشداربووین لە زیاتر لە پێنچ نمایشی کلتوری، ھەروەھا بەشداربووین لە چەند سیمینار و پانێل، بۆ ئاشنایەتی لەسەر کورد و کلتوری کوردستان بۆ ئەو نەتەوانەی کە ئاشنانین بە کلتوری کوردستان و مێژووی ئێمە بناسێنین پێیان.

سەرۆکی رێکخراوی دەهۆڵ باسی لەوەشکرد، کە فیستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران لەسەرنسەری ووڵاتی بەریتانیا ئەنجامدرا و نمایشی کەلتورە جیاوازەکان کرا بەشێوازی جۆراوجۆر، لە رۆژی ٢٤ی حوزەیران لە ناوەڕاستی شاری بێرمینگهام گەورەترین کەرنەڤاڵی نەتەوە جیاوازەکان بەرێوەچوو، رێکخراوی هونەری دەهۆڵ وەک گرووپێکی سەرەکی بەشداری تێداکرد.

ھەروەھا زیرەک ژێدار، سەرۆکی رێکخراوی دەهۆڵ ئەوەشی خستەروو ، کە لە ئێستاوە بانگێشت كراوین بۆ بەشداری کردن لە فیستیڤالێکیتر کە لە ١٦ی٩ بەرێوەدەچێت کە ئەویش فیستیڤاێکی کلتوریە جیاوازە لەوەی کە بەشداربووین، ئەگەر دەرفەت ھەبێت بەشداری دەکەین بۆ زیاتر ئاشناکردنی کلتوری کوردستان بە نەتەوە جیاوازەكان

 

هه‌واڵی زیاتر