سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

یەکێتی قوتابیان؛پشتگیری لە تەواوی ماف و داخوازییەكانی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەین

بەیاننامەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، سەبارەت بە خۆپیشاندانی قوتابیانی بۆ داواكردنی دەرماڵەی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەرێمی كوردستان

سڵاوی زانست و خەبات….

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بەشێك لە قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ھەرێمی كوردستان، چەند خۆپیشاندانێكیان بۆ داواكردنی دەرماڵەی قوتابیان رێكخست، كە بەداخەوە لە بەشێك لەو خۆپیشاندانانەدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی گرژی دروستبوو و لە ئاكامدا چەند قوتابییەك برینداربوون. ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە روونی ھەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێكدا، دەخەینەڕوو:

١. پشتگیری لە تەواوی ماف و داخوازییەكانی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەین لە داواكردنی دەرماڵە، لەبەر ئەوەی قەیرانی دارایی كاریگەری زۆری لەسەر بار و گوزەرانی قوتابیان ھەیە.
٢. داواكارین لە دەزگاكانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەرپرسیارانە و دوور لە توندوتیژی مامەڵە بكەن و ئەركی خۆیان لە پاراستنی قوتابیان جێبەجێبكەن.
٣. بە توندی ئیدانەی ھەر ھەوڵێكی كەسیی یان حزبی دەكەین بۆ بە سیاسیكردنی ئەم پرسە، یان بە كەرەستەكردنی ئەم پرسە یان ھەر پرسێكی تری پەیوەست بە قوتابیان بۆ مەرامی تر.
٤. داواكارین قوتابیان ھێمنانە و دوور لە پەنابردن بۆ ھەر كردەوەیەكی ناشیاو كە دوورە لە بەرزی ئاستی توێژی قوتابیان، داواكارییەكانیان بخەنەڕوو.
٥. سەرەڕای تێگەیشتنمان بۆ ئەو بارودۆخی داراییە سەختەی كە بۆ حكومەتی ھەرێم دروستبووە لەلایەك بە ھۆی نەناردنی بودجە و شایستە داراییەكان لەلایەن بەغدا و لەلایەك بە ھۆی ئەو قەیرانی داراییە جیھانییەی بە ھۆی كۆرۆناوە درووستبووە، داواكارین حكومەت بە پێی توانای دارایی خۆی، بڕیاری پێویست بدات لە بارەی داواكاری قوتابیان بدات.

لە كۆتاییدا، دڵنیایی بە قوتابیانی كوردستان دەدەین، یەكێتی قوتابیانی كوردستان ھەمیشە لە سەنگەری داكۆكیكردن لە مافەكانی قوتابیاندایە و قبوڵ ناكات موزایەدە بە قوتابیانەوە بكرێت.

یەكێتی قوتابیانی كوردستان
مەكتەبی سكرتاریەت
٢٣/١١/٢٠٢١

هه‌واڵی زیاتر