سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

وڵاتی چین ئەمەریکا ئاگادار دەکاتەوە

پەسەندکردنی پرۆژە یاسای پشتیوانی سەربازی ئەمەریکا بۆ تایوان کاردانەوەی چینی لێکەوتەوە و پەکین هۆشداری دەداتە واشنتن و ڕایدەگەیەنێت، هاوکاریی و پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ دوورگەی تایوان ناکۆکیی و ئاڵۆزییەکانی گەرووی تایوان زیاتر دەکەن. هۆشدارییەکانیش هاوکاتە لەگەڵ نزیک بوونەوەی سەردانی بلینکن بۆ شەنگەهای.

دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای دابینکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکاوە، حکوومەتی چین ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024 ڕایگەیاند، پەسەند کردنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ دوورگەی تایوان بە بڕی هەشت ملیار دۆلار ئاڵۆزییەکانی گەرووی تایوان زیاتر دەکات.

لەمبارەوە وانگ وێن بین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداریدا لەوەی رێکخستنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەمەریکا و تایوان هیچ خزمەتێک بە ئاسایشی دوورگەی تایوان ناکات، بە پێچەوانەوە تەنیا دەبێتە هۆکاری زیاد کردنی ئاڵۆزیی و ناکۆکییەکان.

هۆشدارییەکانی چین لە کاتێکدایە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە بەمنزیکانە سەردانی شەنگەهای چین بکات، ئەمەش دەبێتە دووەم سەردانی بلینکن لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک دا.

لەو پاکێجە هاوکارییە سەربازییەی لە لایەن هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا کە پەسەند کراوه، بڕی 60.84 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا تەرخانکراوە و 23 ملیار دۆلاریشی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەمەریکایی، هەروا 26 ملیار دۆلاری دیکەی پاکێجەکە هاوکاریی و پشتیوانییە بۆ ئیسرائیل و 8 ملیار و120 ملیۆن دۆلاریش هاوکارییە بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا له هەرێمەکانی ئۆقیانووسی هیندی و هێمن، لە نێویشیاندا هەشت ملیار دۆلاری تایبەت کراوە بە پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان.

هه‌واڵی زیاتر