سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

سودانی دوخەکەی تەقاندەوە، بزانە چۆن باسی دەروازەی باشماخ و پەروێزخان دەکات؟


ئەمڕۆ یەكشەممە پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای كرد كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە كۆبوونەوەیەكدا رەخنەی لە هێنانی پەلەوەر بە قاچاخ لە هەردوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخان گرتووە و داوای كردووە رابگیرێت.

ئەمڕۆ وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆ بوونەوە.

لەبارەی تەوەرێكی كۆبوونەوەكە، مەریوان قەرەنی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رای گەیاند كە سوودانی باسی لە كێشەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و قاچاخچیەتی كردووە لە سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.

گوتیشی سوودانی رای گەیاند كە بەهۆی قاچاخچیەتییەوە زیانێكی زۆر بە خاوەنی ئەو كێڵگە پەلەوەرییەكان كەوتووە لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها راستەوخۆ باسی لە هەردوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخان كرد و تۆمەتباری كردن بەوەی قاچاخچیەتییەكی زۆریان لێوە دەكرێت.

مەریوان قەرەنی لە زاری سوودانی گواستەوە كە داوای كردووە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت و هیوای خواستووە ئەوانەی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە واز لەم كارە بێنن یان ڕێگری لێ بكەن.

هه‌واڵی زیاتر