سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مانگی چوار نەماوە

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە. دەشڵێت، “ئێستا کاتی ناردنی مووچەکەیە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕاگەیاند، “ئەوەی لەسەرمان بووە، ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە (میزانییەی موراجەعە) بوو، بۆ وەزارەتی دارایی عێراق؛ ئێمەش دوو هەفتە پێش ئێستا، واتا لە 22ـی مانگی ڕابردووەوە ناردوومانە”.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی،  هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون، “بەڵام لایەنی بەغدایە تا ئێستا مووچەکەی لەکاتی خۆیدا نەناردووە؛ بیانووەکان هەر چییەک بن، ئێستا کاتی هاتووە مووچەکە بنێردرێت، چونکە ئەوان مووچەی فەرمانبەرانیان دابەشکردووە، ئێمەش ئەوەی لەسەرمان بووە، جێبەجێ کردووە. هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە”.

هه‌واڵی زیاتر