سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

سەرۆک بارزانی داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات بە شێوەیەكی پیشەییانە ‘ڕاستییەكان’ بگەیەنن.

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی سەد و بیست و شەشەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەکات.

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركێكی پیرۆز و هەستیاریان لەسەر شانە كە بریتیە لە پێدانی زانیاری و هۆشیاری و ئاراستەكردن و پێشخستنی كۆمەڵگە. لەویادەدا داوام لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان هەیە، ئەركی خۆیان بە شێوەیەكی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەكان و هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی فەرهەنگ و هۆشیاریی كۆمەڵگە و هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن”.

سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت، “ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەیان هەمیشە لەیاد بێت كە میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئامرازی كاریگەرن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ناسنامە و مافەكانی گەلی كوردستان و، لە هەمانكاتیشدا ئامرازن بۆ پاراستنی بەهاكان و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی لەناو خەڵكدا”.

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، “ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆز و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم”.

هه‌واڵی زیاتر