سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی روونکردنەوە لەبارەی لەکارلادانی شوان داودی دەدات، قسەکانی داودی بە کۆمەڵێک قسەی “ناڕاست” و “چەواشە” ناودەبات.

مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی لەکارلادانی شوان داوی، بەرپرسی پێشووی دەزگای میدیایی کەرکووک دەدات و دەڵێت بڕیاری لەکارلادانی شوان داودی لە مانگی نۆڤەمبەری 2020 دەرچووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی بڕیارەکە سڕکرابوو.
رۆژی یەکشەممە شوان داودی، سەرپەرشتیاری پێشووی “دەزگای میدیایی کەرکووک”ی یەکێتی رایگەیاند یەکەم کەسە لەسەر ئاستی یەکێتی و راگەیاندنەکەی و کەرکووکیش بەهۆی رووداوەکانی 8ی تەمموزی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، فەرمانی دەرکردنی دەربچێت.
بەڵام مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 19-7-2021  بڵاوی کردووەتەوە و قسەکانی داودی بە کۆمەڵێک قسەی “ناڕاست” و “چەواشە” ناودەبات.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە دوای کۆنگرەی چوارەوە هەیکەلی مەکتەبی راگەیاندن بە دوو شێوە رێکخراوەتەوە، بەشێکیان بە هەڵبژاردن و بەشێکیان کەناڵە مەرکەزییەکانن و دوای پەسندکردنی سیڤییەکانیان لەلایەن کارگێڕی مەکتەبی سیاسییەوە، بڕیاری دەستبەکاربوونیان بۆ دەرچووە.
بەپێی روونکردنەوەکە دوو کەس (شوان داودی و عیماد مەلا ناسیح) سیڤیان پێشکەشکردبوو بۆ سەرپەرشیاری دەزگای میدیایی کەرکووک، سیڤییەکەی عیماد مەلا ناسیح پەسندکرا و لە رۆژی 2-11-2020 بڕیاری دەستبەکاربوونی دەرچوو: “بەڵام شوان داودی هانای بۆ ئەو بەرپرس و ئەم بەرپرس برد، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دوابخات، بۆیە بە رەچاوکردنی دۆخی ئەوکاتی یەکێتی بڕیارەکە سڕکرا”.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دوای رووداوەکانی 8ی تەممووز، لە روونکردنەوەکەی یەکێتیدا هاتووە: “ئێستا کە دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتی لەبارە، بڕیاری لەکارلادانی شوان داودی و دەستبەکاربوونی عیماد مەلا ناسیح پەسندکرا”.
مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی رەخنە لە شوان داودی دەگرێت و دەڵێت: “ئەو هاشوهوشە ئیعلامییەی شوان داودی دەستی داوەتێ، دوور لە هەموو ئوسوڵێکی حیزبییە، کە کادیری یەکێتی پێی دەناسرێتەوە، دەریدەخات بڕیاری رەتکردنەوەی سیڤییەکەی لە کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پاشان بڕیاری لادانی لە رۆژی 17-7-2021 کارێکی حیزبی دروستە، چونکە لە کادیری حیزبی ناوەشێتەوە ئەو هەڵایە دروست بکات”.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەی مەکتەبی راگەیاندندا هاتووە: “بەداخەوە بەڕێز داودی بە چەواشەکارییەوە مەسەلەکە پەیوەست دەکات بە تەکلیفی مەڵبەندی کەرکووک، پاکتاو و دەرکردنی حیزبییەوە، کە ئەمانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە”.
هه‌واڵی زیاتر