سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەردۆغان لە هەولێر چ خواردنێکی خوارد؟

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێری کرد و بۆ نانی ئێوارە میوانی نێچیرڤان بارزانی بوو.
سەرۆککۆماری تورکیا دوای کاژێر 8:00ـی ئێوارە لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
لەدوای دیدارەکە، نێچیرڤان بارزانی ئەردۆغانی بۆ سەر سفرەیەکی تەواو کوردەواری بانگهێشتکرد.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، سفرەیەکی قەرەباڵخ بۆ ئەردۆغان راخراوە کە قەرەخەرمان، دۆڵمەی هەولێر، کەبابی هەولێر بە مەحشی و مریشک، ساوەر و قەلی کوردی لەسەر بووە.
ئەردۆغان، دۆڵمەی هەولێر، کەبابی هەولێر و ساوەر و قەلی کوردی و قەرەخەرمانی خواردووە و بەلایەوە خواردنێکی خۆش بوونە.
سفرە و خوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی سەرکردەکانی جیهان هەمیشە قەرەباڵخ و دەوڵەمەند بووە؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی میوانداریکردنی لە بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو گەواهی ئەوەیدا و باسی لە دەوڵەمەندیی سفرەی نێچیرڤان بارزانیی کرد.
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، دوای 13 ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە کۆمەڵێک دۆسیەوە جارێکی دیکە سەردانی بە‌غدای کرد و بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لەدوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەردۆغان سەردانی هەولێری کرد و زیاتر لە سێ کاژێر مایەوە؛ لەو ماوەیەدا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە، سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە.
هه‌واڵی زیاتر