سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی گرنگ بڵاو دەكاتەوە

بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە تایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوە دەکات کە “بەردەوامە لە پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بە زووترین کات، لە هەمان کاتدا پابەندە بە بڕگەکانی دەستوور و یاساکە”، بەڵام گرێبەستە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵی یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون، چونکە بنەمای دەستووری و یاسایی دروستیان نییە”.

وەک وەزارەتی نەوتی عێراق باش دەزانێت، هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا نییە کە دەسەڵات بە حکومەتی فیدراڵی عێراق بدات بۆ “پەسەندکردنی” ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرکراون.

بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٠٧، بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە. ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێ دانراوە کە بنەمایەکی تۆکمەی لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا هەیە. ئەو پارێزەرانەش بریتین لە پڕۆفیسۆری کۆچکردوو جەیمس کراوفۆرد، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی، و لەم دوایانەدا دادوەر ستیڤن شوبێل، سەرۆکی پێشووی دادگای نێودەوڵەتی. هەر دوو پارێزەرەکە بۆچوونی خۆیان بڵاو کردووەتەوە. ئەم بۆچوونانە بە شێوەیەکی دروست بوونەتە بنەمای تەواوی وەبەرهێنانەکان کە کۆی گشتیی سەدان ملیار دۆلارە، کە بەشێکی بەرچاوی لە وەبەرهێنە ڕۆژئاواییەکانەوە هاتووەتە کوردستانی عێراق.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا پشت بە بڕیارێک دەبەستێت کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن لیژنەیەک یاخود کۆمەڵێک لە ڕاسپێردراوی سیاسی لە بەغدا دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسای ٢٠٠٧ی حکومەتی هەرێم نادەستوورییە. لە کاتێکدا کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ئەو لیژنەیە بە “دادگای باڵای فیدراڵی” ناو دەبات، هەمووان دەزانن کە شتێکی لەو جۆرە نییە. ئەو بەناو “دادگایە” بەپێی بڕگە پەیوەندیدارەکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دانەمەزراوە.

ئاشکرایە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنانەت قسە لەسەر شەرعیەتی ئەو لیژنەیە ناکات. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا ئەو “بڕیارە”ی شوباتی ٢٠٢٢ی ئەو لیژنە سیاسییە وەک بڕیارەکانی سەردەمی سەددامە کە لەسەری دیزاین کراوە، تەنانەت هیچ تێگەیشتنێکی یاسایی بنەڕەتی نییە. بۆتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵکی عێراق. سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو “بڕیارە” ئەم ڕاستییە ڕوونەی ئاشکرا کرد و دواتر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی حکومەتی هەرێمیش بەدوایدا هەمان ڕاستییان ئاشکرا کرد. دەسەڵاتی دادوەریی حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی دروست پێکهێنراوە، بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ وەک بڕیاری دادگایەک ناناسێتهەروەها ئاشکرایە کە پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئێستا یاسایەکی نەوت و غازی دەرنەکردووە کە لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا بگونجێت. لە ڕاستیدا، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەکی نەوت و غاز دەربکات. کەرتی نەوتی حکومەتی عێراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەرکەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەکانی ڕژێمی سەددام حوسێن دەبەستێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی فیدراڵیی عێراق بە هیچ “دادگا”یەکەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نییە.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، هەر دوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بگەیەنین، و لەسەر مەرجەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی ڕێککەوتن کە باس لە بابەتی تەکنیکی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستان. لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان بوو کە یاساکە جێبەجێ دەکرێت و هەناردەکردن بەبێ دواکەوتنی زیاتر دەست پێ دەکاتەوە.

ئێمە هانی حکومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی مانگی یەک و ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. هیچ پاساوێک نییە، نە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت. ئەو هەناردەکردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عێراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن.

هه‌واڵی زیاتر