سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لەسەر ئەم وێنەیە وەڵامی کوڕەکەی کۆسرەت دەدرێتەوە


ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە هەولێر موڵكی ئەوانە نییە كە شارەكەیان تاڵان دەكرد و ئازاری خەڵكیان دەدا و ناچاریان دەكردن لە ترسی دزییەكانیان، ئۆتۆمبێلەكانیان ببەنە سەربانی ماڵەكانیان.

شاڵاو كۆسرەت ڕەسوول، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، وەك ئەوەی خەڵكی ئاگای لە هەوڵە شكستخواردووەكانی سەرانی یەكێتی نەبێت بۆ ئەوەی لە ڕیزێك بوەستن تا تەوقەیەك لەگەڵ سەركۆماری توركیا بكەن، كەوتووەتە ژێر هەوای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و نووسینێكی پیاهەڵدانی بە قەڵای هەولێر بڵاو كردووەتەوە. هەرچەندە بە بۆچوونی چاودێران، لەوە دەچێت ئەم دوو سێ دێڕەشی لە لایەن یەكێك لە نووسەرە دەربارەكانیان بۆ نووسرابێت!

لە بەرامبەردا ئاری نانەكەلی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان رايگەیاند: ”پارتی دیموكراتی كوردستان دوو جار شكۆی بۆ هەولێر گەڕاندەوە، جارێك لە بەهاری ١٩٩١ لە دەست بەعسی رزگار كرد. جارێكیش لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ لەدەست یەكێتی و ئاغاكانی رزگار كرد. خەڵكی هەولێر و قەڵاكەی لە ٣١ی ئابەوە بە ئارامی و سەرفرازی و سەربەستییەوە دەژین. خەڵكی تر ویستیان بەدیلی قەڵا بۆ ستەم و ستەمكاری دروست بكات، ئێمە بووین پێكەوەژیان و ئارامی و ئاوەدانیی هەولێرمان بەدی هێنا.“

نانەكەلی جەختی لەوە كردەوە: ”ئەم هەولێر و قەڵایە موڵكی ئازادیخواز و تێكۆشەرانە نەك هی خاكفرۆش و نیشتمانفرۆش و ئەوانەی لە بەرەی دوژمنانن. ئەم قەڵایە رەمزی فیداكاری و مێژووی پڕسەروەریی هەولێر و هەولێرییەكانە، ئەوانە خاوەنی هەولێرن كە دوو جار ڕزگاریان كردووە، ئێستاش دەیپارێزن وەكوو بیلبیلەی چاو و لە خزمەتی تاك بە تاكی ئەم شارە دێرینە پڕسەروەرییەدان. هەولێرییە رەسەنەكان هەولێر دەپارێزن نەك خۆفرۆش و تاڵانچی.“

هەروەك باسی لەوەش كرد: ”هەولێرییەكان لەگەڵ ئارامی و دەسەڵاتی ئێستای هەولێردان نەك خەڵكێك كە دێ قسەی لابەلا لەسەر ئەم شارە دەكات و هەر جارەی بە زمانێكی بازاڕی و ناڕێك نیەتی خراپی خۆی بە باسكردنی هەولێردا دەخاتە ڕوو! وا دەزانێ خەڵكی هەولێر شارەزای ئەو جۆرە كەسانە نین كە رۆژێك لە رۆژان لە ترسی دزی و تاڵانیی ئەوان، سەیارەكانیان دەبردە سەربانی ماڵەكانیان، ئەزیەت و ئازار دەدران. هەولێرییەكان ئەوەیان لەبیر ناچێتەوە كە سەدان كەس لە ترسی تاڵانی و كوشتاری ئەوان شارەكەیان جێ هێشتبوو. ئێمە شكۆمان بۆ هەولێر گەڕاندەوە، هەموو سەروەرییەكانی هەولێریش هی ئەوانەیە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان خزمەتی ئەو شارەیان كردووە و گەیاندوویانە بە ئاستێك كە شان لە شانی شارانی پێكەوتووی جیهان دەدات.“

ضضضضلە كۆتاییشدا ئاری نانەكەلی ئەوەی دووپات كردەوە: ”ئێمە مافی ئەوەمان هەیە قسە لەسەر هەولێر بكەین، خەڵكی تر بۆی نییە قسە لەسەر هەولێر بكات، چونكە ئەزیەتی هەولێریان داوە. ئێمە بەدیلی قەڵامان دروست نەكردووە، بەڵكوو قەڵاكەمان بە سەربەرزی و خۆڕاگری هێشتووەتەوە و ئاڵای كوردستانیشی بە گەشاوەیی لەسەر دەمێنێتەوە. هەولێر و خەڵكی هەولێر و دەسەڵاتەكەی، ئەوانە لەگۆڕ دەنێن كە خەون بەوەوە دەبینن ڕۆژێك لە ڕۆژان دەسەڵاتی تاڵانچێتییان لە هەولێر بیننەوە.“

وەرگیراوە لە باسنیوز

هه‌واڵی زیاتر