سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبارەی رێگەی گەشەپێدان لەلایەن عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەر واژۆکرا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی بەغدا کۆبوونەوە، دواتر بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی قەتەر و ئیمارات، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبارەی رێگەی گەشەپێدان واژۆکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە پاش 13 ساڵ، ئەردۆغان سەردانی عێراقی کرد، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆش بێتە هەولێر.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنەکە لەنێوان هەریەک لە رەزاق موحیبس وەزیری گواستنەوەی عێراق، عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، جاسم بن سەیف وەزیری گەیاندنی قەتەر و سوهەیل محەممەد وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات واژۆکرا.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، وەکو ئەوەی عێراق باسی دەکات، بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە پێشابوور کۆتایی دێت. شەمەندەفەری بۆ دابین دەکرێت و بەدرێژایی رێگەکە کارگە و جموجوڵی بارزگانی بۆ فەراهەم دەکرێت، ئەمە جگە لە بەستنەوەی هاتووچۆی عێراق بە تورکیا و ئەوروپاوە بە رێگەی شەمەندەفەر.
ئەو وڵاتانەی یاداشتەکەیان واژۆکردووە، لە پرۆژەکەدا هاوبەش دەبن و سوودی بازرگانی، ئابووری و گەشتیاری دەبینن.
هه‌واڵی زیاتر