سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

مەسرور بارزانی: کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، گەشەیەکی زۆر باشی کردووە.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوە چوو کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ڕێکیان خستبوو.

لە دیدارەکەدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ، سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان، کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادیی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.

 دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
میوانانی هێژا

خۆشحاڵم کە لەم دیدارە ڕۆژنامەنووسییەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم. بە تایبەتی بەخێرهاتنی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارە بەڕێزانە دەکەم کە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداریکردن لەم دیدارە هاتوون. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم دیدارە، لە خزمەتی پێشخستنی کاری ڕۆژنامەنووسیدا بێت.

هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.

حکومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانیی دەڕوانێت کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە ئەرک و پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەجێ بگەیەنن، بەتایبەتی لە بواری هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاری ڕاست و دروست و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و پێشێلکارییەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی. بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنکاران وەک دەسەڵاتی چوارەم، یارمەتیدەرێکی گرنگی دامەزراوەکانی حکوومەتن و بەیەکەوە کار بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی وڵات دەکەن.

لە هەرێمی كوردستان کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.

جێی خۆشحاڵییە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکی پێشکەوتووی ڕۆژنامەوانییە و بەهۆیەوە، کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، گەشەیەکی زۆر باشی کردووە.

ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێک کە ناحەزانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپ بە کارهێنانی ئەو ئازادییەن کە لە ناوچەکە کەم وێنەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماکانی دیموکراسی و قەوارەی کوردستان کە بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، خەڵکانێک دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن.
داواکارم لە ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، کە ڕێگە نەدەن ئەم پیشە گرنگە، ببێتە سەکۆیەک بە خراپ بەکارهێنانی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕا دەربڕین.

دەست خۆشیی لە لیژنەی جێندەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان دەکەم بۆ هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە گەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

سەبارەت بە بابەتی سەرەکی ئەم دیدارەش، کە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس لە جیاکاری ڕەگەزی و جێندەری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریی پێویست لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژیی و جیاکارییەک کە بەرامبەریان دەکرێت. لەمبارەیەوە هەرچی پێویست بێت لە سەر حکوومەت ئەنجامی دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو بەربەست و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجام بدەن.
لە کۆتاییدا دووبارە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز بێت و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی ئەم دیدارە دەخوازم.

هەر شاد وسەرکەوتووبن

هه‌واڵی زیاتر