سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

چەكدارێكی یەكێتی خاوەنی كافتریایەكی لە بازیان دایە بەر چەقۆ


میدیایەكی سەر بە لاهوور جەنگی ئاشكرای كرد، چەكدارێكی هێزی كۆماندۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ناوی (ز.غ) لەگەڵ برایەكیدا هێرشی كردۆتە سەر خاوەنی كافتریایەك لە ناحیەی بازیانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەو كەسە لەگەڵ برایەكی خۆی بە ناوی (ه.غ) سەرەتا لێپرسینەوەیان لە خاوەنی کافتریاکە كردووە کە ناوی (ئاراس مام ساڵح)ە و پێیان گوتووە: “ئێمە ئەندامی هێزی کۆماندۆین و بە کەیفی خۆمان لێپرسینەوە دەکەین و چیمان بوێت دەیکەین.”

هەر بەپێی میدیاكەی لاهوور جەنگی، خاوەنی كافتریاكە گوتوویەتی: “ئێرە کافتریایە و هیچ پەیوەندی بە هێزی ئەمنیەوە نییە و هیچ کێشەیەکیشمان نییە، تا ئێستاش هیچ کێشەیەک لەم کافتریایە رووینەداوە، بۆیە تکایە کێشەمان بۆ دروست مەکەن،” كەچی چەكدارەكەی یەكێتی “خاوەنی کافتریاکە دەداتە بەرچەقۆ و دوو چەقۆی لێدەدات و بەسەختی برینداری دەکات.”

لە كۆتاییشدا ئەوە ئاشكرا كراوە: “ئێستا خاوەنی کافتریاکە باری تەندروستی ناجێگیرە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەندامەکەی کۆماندۆش شوێنەکەی جێهێشتوە و تا ئێستاش دەستگیر نەکراوە.”

جێگەی باسە ماوە نا ماوە هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی، بە تایبەتیش دژەتیرۆر و كۆماندۆی یەكێتی و هەندێكجاریش ئاسایشی ئەو حزبە، لە سنوورەكەدا رەفتاری توندوتیژ بەرامبەر بە خەڵك دەكەن یان لەنێو خۆیاندا شەڕەتەقە دەكەن، تاوەكوو ئێستاش نەزاندراوە هیچ ئیجرائاتێكی راستەقینە و كرداری بۆ ڕێگریكردن لەم جۆرە رەفتارانە گیرابێتە بەر.

هه‌واڵی زیاتر