سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

بایدن: هەر ئەمریکییەک ڤاکسین وەرگرێت 100 دۆلاری پێبدرێت

سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ بەرپرسانی ناوخۆیی و حکومەتە خۆجێییەکانی وڵاتەکەی کردووە کە بۆ هاندانی ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکو ئێستا پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، لە بەرامبەر وەرگرتنی پێکوتە 100 دۆلاریان پێبدرت.
وەزارەی خەزانەی ئەمریکا رایگەیاند “سەرۆک داوای لە ویلایەت و ناوچە و حکومەتە خۆجێییەکان کرد کە 100 دۆلار بدرێت بە هەر ئەمریکییەک کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن، ئەمەش بەمەبەستی زیادکردنی رێژەی کوتان، پاراستنی کۆمەڵگەکان و رزگارکردنی ژیانی خەڵک”.
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە کە هاوکارییە تەکنیکییەکان پێشکێش بە ویلایەت و حکومەتە خۆجێییەکان بکات بۆئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر هاوکارییە داراییەکە بۆ پاڵپشتیی کوتانی هاووڵاتییان بە ڤاکسین بەکاربهێنن.
پێدانی ئەو هاوکارییە داراییەش لە کاتێکدایە کە پرۆسەی کوتان بە ڤاکسین لە ئەمریکا خاو ببووەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەم دواییانە ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراو لەو وڵاتە رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە.
بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەندێک رێکاری دیکە رابگەیێنێت، لەوانەش پێشاندانی بەڵگەی بەکارهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا بۆ هەموو کارمەندانی حکومەت، بەکارهێنانی دەمامک و سنووردارکردنی گەشتکردن.
ئەم هەنگاوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری دەلتا بە رێژەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە.
کۆشکی سپی داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کردووە ئەوانەی تاوەکو ئێستا پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، پێکوتەکە وەربگرن.
لە کۆی 330 ملیۆن لە دانیشتووانی ئەمریکاش تاوەکو ئێستا نزیکەی 164 ملیۆن کەس پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە، کە دەکاتە نزیکەی 57%ی کۆی دانیشتووانی ئەمریکا بە هەموو تەمەنەکانەوە.
بەپێی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC)، ئەو ئەمریکییانەی دوای تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرن 99.2%یان ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کارمەندانی فێدراڵی کردووە کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن یان پابەندی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی ببن، وەکو بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی نێوانیان لەگەڵ خەڵک.
هه‌واڵی زیاتر