سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

مستەفا کازمی: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی لە واشنتنەوە گەڕایەوە بەغدا و بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ “هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق نامێنێت”. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 بکرێت، کازمی دەڵێت “هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت”.

لەبارەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، “لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووین تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق نامێنێت”.

وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری، تەندروستی و خوێندن، وزە و ژینگە و وەبەرهێنان یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا کراوە.

مستەفا کازمی دەڵێت “شانازی بە شوێنەوارەکانی رافیدەین دەکەین و لەگەڵ خۆمان 17 هەزار پارچە شوێنەواری عێراقمان لە ئەمریکا گەڕاندەوە”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکە لەلایەن هەندێک حیزب و لایەنەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، “هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات”.

ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 25 حیزب و هاوپەیمانی رایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکشێنەوە. دیارترینیان رەوتی سەدرە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی سائیرووندایە، کە هاوپەیمانییەکە خاوەنی 54 کورسی و هاوپەیمانیی وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی 21 کورسییە و ساڵح موتڵه‌گ سه‌رۆكی به‌ره‌ی دیالۆگی نیشتمانیش، كشانه‌وه‌ی خۆی راگەیاندووە.

رۆژی دووشەممە 26-07-2021 گەڕی چوارەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە هاتووە، هەردوو وڵات و توێژەکانیان لە رێگەی لیژنەی هاوئاهەنگی پەیوەست بە رێكکەوتننامەی ستراتیژی درێژەپێدەدەن، هەروەها تێیدا هاتووە کە ئەمریکا رێزگرتنی بۆ سەروەریی عێراق و یاساکانی عێراق دووپاتکردووەتەوە و بەڵێنی بە دابینکردنی ئەو یارمەتیانە داوە کە عێراق پێویستی پێیانە.

پێشتر مستەفا کازمی لە تویتێکدا سەردانەکەیی بۆ واشنتن بە “سەردانێکی سەرکەوتوو” ناوبرد و رایگەیاند، رێککەوتن کراوە بۆ گۆڕینی پەیوەندیی ئەمنی بۆ راهێنان و راوێژی ئەمریکا لە بواری سەربازیدا، بەبێ بوونی هێزی شەڕکەر لە کۆتایی ساڵدا.

لە بەشێکی دیکە توویتەکەیدا ئاماژە بەوە کرد “هەوڵی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتیی و سیاسی دەدەین لە پێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان، ئەویش بە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بەردەوامی هاوکاری و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.

هه‌واڵی زیاتر