سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

هاوپەیمانان نزیکەی 60 هەمەڕ، بارهەڵگر و ئەمبوڵانس رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، نزیکەی 60 هەمەڕ، بارهەڵگر و ئەمبوڵانس لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
کۆلۆنێل تۆد بورۆوس، جێگری بەڕێوەبەری گرووپی راوێژکارانی سەربازی لە تویتەر لەو بارەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەیانیی ئەمڕۆ 59 ئۆتۆمبێلیان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کردووە و، بەردەوام دەبن لە پێدانی راوێژ و پاڵپشتیکردنی “پێشمەرگەی هاوبەشمان” بۆ تێکشکاندنی داعش.

ئەوە لە کاتێکدایە دوو رۆژ پێش ئێستا 26-07-2021 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 50 هەمەری سەربازیی، سێ تانکی ئاو و 25 بارهەڵگری مامناوەندی رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. لەو بارەوە سەنتەرى ميديای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان پێشکەش بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، بەشێک لەو هاوکارییانە گەیشتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان واژووی پێدان و وەرگرتنی ئەو هاوکاریانە لە لایەن هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.”
هەروەها وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش  راگەیاند، “ئەمڕۆ زیاتر لە 70 هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازیمان رادەستی  بەشی لۆجستی نێو وەزارەتی پێشمەرگە کرد.”

رۆژی 15-07-2021 بە سەرپەرشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەشێکی دیکە لە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە کە پێکهاتوون لە کەلوپەل و کەرەستەی لۆجیستیی سەربازی.
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندبوو، “ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەدان کە وڵاتانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بڕیاریانداوە هێزەکانی پێشمەرگە پڕچەک بکەن، هاوکارییەکانی دیکەش بەڕێوەن.”
ئەم پرۆگرامی هاوکاری و پڕچەککردنەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێکردووە و بەردەوام هێزەکانی هاوپەیمانان کۆمەک هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە.
هه‌واڵی زیاتر