سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

فوئاد حوسێن: لەمەودوا کاری جیددی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکرێت

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هیچ بنکەیەکی شەڕکەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق نامێنێت و ئەرکی هاوپەیمانان تەنیا بۆ راهێنان و راوێژکاری دەبێت. سەبارەت بە رێککەوتنی شنگالیش گوتی، کاری جیددی بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، بنکە سەربازییەکان بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدا دەبن و بنکەکانی هاوپەیمانان تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەکاردەهێندرێن.

بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی شاندی ئەمریکا و عێراق لە گفتوگۆی ستراتیژی، “هەردوو وەفد پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانە ئازادیی رۆژنامەڤانی، دووپاتکردووەتەوە”.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت و بەڵێنی داوە کە پابەند دەبێت بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق.

رۆژی 10-10-2020 حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال رێککەوتنێکیان واژۆکرد و نێوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە. فوئاد حوسێن لەوبارەیەوە ئەوەی خستەڕوو، “لەمەودوا کاری جیددی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکرێت”.

لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی ئەمریکا و عێراقدا جەخت لە گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژی و دوورمەودای نێوان هەردوو وڵاتەکە کراوەتەوە و عێراق پابەند بووە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەمریکاش بە پشتیوانیکردنی عێراق. هەروەها لەو راگەیێندراوە هاوبەشەدا باس لەوە کراوە کە “هاوپەیمانان بە تەواوی رێز لە یاساکانی عێراق دەگرن”.

هه‌واڵی زیاتر