سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

بڕیارێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ هەموو یەکێتییەکان

بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لە سەرجەم مەڵبەند و مەکتەب و ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شوێنە گشتییەکان وێنەی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی لادەبرێت.

نووسینگەی رۆژنامەڤانیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێنەکانی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی لە سەرجەم مەڵبەند و مەکتەب و ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شوێنە گشتییەکان لادەبرێن و تەنها وێنەی سەرۆک مام جەلال دادەنرێت”.

بەپێی بڕیارەکە، لە ئەمڕۆوە ئەو بڕیارە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

رۆژی 15-7-2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کێشەی هاوسەرۆکانەوە کۆبووەوە و بە بڕیاری سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لاهوور شێخ جەنگی تێکڕای دەسەڵاتەکانی دەداتە بافڵ تاڵەبانی، تاوەکو کاتی تەواوبوونی هەموارکردنەوەی پەیڕەو. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، یەکێتی چەند رێگەیەکی لە بەردەمدایە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو كێشانە کە ئەمانەن:

1- کۆنگرەی نائاسایی
2- پلینیۆم
3- کێشەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکلایی بکرێتەوە، ئەوە بەهێزترین بژاردەیە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیش ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە متمانە لە هاوسەرۆک وەربگرێتەوە.

رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هیچ رێککەوتنێک نەکران.

هه‌واڵی زیاتر