سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەمەریکا: دەستەڵاتدارانی ڕووسیامان لەو هێرشە تیرۆریستییە ئاگادارکردبووەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ڕایگەیاندووە، دوو هەفتە لەمەوبەر هۆشداریان لە بارەی پیلان و مەترسی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر مۆسکۆ بە بەرپرسانی ڕووسیا داوە، بەڵام وا دیارە دەستەڵاتدارانی ڕووسیا بە هەندییان وەرنەگرتووە و هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئاماژەیداوە، چاودێری ئەو ڕاپۆرتانەیان کردووە، ئەگەر هەیە توندڕەوەکان پیلانی هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەیەکی فراوانیان هەبێت لە مۆسکۆ، دوور نییە ئاهەنگێکی هونەریی یان کۆنسێرتێکی میوزیک بێت لە ماوەیەکی نزیکدا، هەر بۆیە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمەریکییان لە ڕووسیا و بە تایبەت لە مۆسکۆ ئاگادارکردووەتەوە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا لە هەموو کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی فراوان دوور بکەنەوە.

بە هەمانشێوە ئەدریان واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نشتمانی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە پێشتر ئیدارەی ئەمەریکا زانیاریی دەربارەی پیلانگێڕییەک بۆ هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەیەکی فراوان بە مۆسکۆ دابوو.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەخت و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان تا وەکوو ئێستە زیاتر لە 60 کوژراو و 115 بریندار هەن کە بەشێکیان منداڵن، هەروەها رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ و راگەیاندووە، دوای هێرشەکە چەکدارەکانی گەڕاونەتەوە حەشارگەکانیان بێ ئەوەی هیچ زیانێکی بەرکەوێت.

هه‌واڵی زیاتر