سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

زانیاری تازە لەسەر دەرمالەی فەرمانبەرانەوە گەیشت

لەبارەی دەرماڵەکانەوە

شوان بەرزنجی

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی پێی ڕاگەیاندم: لە مووچەی مانگی حەوت دەرماڵەی فەرمانبەرانی هیچ وەزارتێک نەبڕدراوە، ئەوەی دەگوترێ دەرماڵەی ترسناکی بڕدرابێ ڕاستی بۆ  نییە.

دوای بەدواداچوونم  دەرکەوت لە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دەرماڵەی ترسناکی مامۆستایانی ئامادەییە پیشەییەکانی هەولێر بڕدراوە کە لە نیوانی 150بۆ 200هەزار دینارە.

بەرپرسێکی ئیدارە و دارایی وەزارەتی پەروەردە ئەوەی پێ ڕاگەیاندم، تەنها دەرماڵەی ترسناکی مامۆستایانی ئامادەییە پیشەییەکانی هەولێر لە لایەن گەنجینەی هەولێر بڕدراوە لە کاتێکدا لە دهۆک و سلێمانی دەرماڵەکە بۆ هەمان مامۆستایانی پیشەییەکان خەرجکراوە.

لای خۆیەوە بەڕپرسێکی ژمێریاری پەروەردەی هەولێر پێی ڕاگەیاندم:” تەنها گەنجینەی هەولێر  دەرماڵەی مامۆستایانی پیشەیی بڕیووە و  لە شوێنەکانی تر خەرجکراوە و بڕینەکە هیچ پەیوەندی بە یاسای چاکسازی نییە ،بەڵکوو  گەنجینەی هەولێر بە پێی لێکدانەوەی خۆی کارەکەی کردووە”.

ئەو بەرپرسەی ژمێریاری پەروەردەی هەولێر و بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە جەختیان کردەوە دەرماڵەکانی ماموستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە وەکوو خۆی خەرجکراوە و تەنها دەرماڵەی  هاتووچۆبڕدراوە ئەویش هەموو ساڵێک له مانگی 7و 8بەهۆی پشووی هاوینە خەرج ناکرێ.

دووپاتییان کردەوە دەرماڵەی 150هەزاری مامۆستایان وەکوو خۆی بەردەوام دەبێ.

هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی پێ ڕاگەیاندم:هیچ دەرماڵەیەکی ترسناکی و پیشەیی و دەرماڵەی تری فەرمانبەران نەبڕدراوە و پێویست ناکات زانیاری ناڕاست بڵاوبکرێتەوە.

ئەو بەرپرسە دڵنیایی دایە هێزەکانی ناوخۆ دەرماڵەکانیان دەستی لێ نادرێ.

بە پێی زانیارییەكان، 25 جۆر دەرماڵەی جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران خەرج دەكرێت کە چواریان جێگیرن و ئەوانی تر ناجێگیرن.

لە هەرێمی كوردستان 16%ی مووچە بۆ دەرماڵەی جێگیر خەرج دەكرێ، 40%یش بۆ دەرماڵەی ناجێگیر خەرج دەكرێ.

هه‌واڵی زیاتر