بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری سلێمانی دەکات بەهۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پێشوودا و وە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
ئەمڕۆ دووشەممە 26-7-2021 بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە،” داوا لە هاوڵاتییان دەكەین پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لەسەرجەم شوێنە گشتییەکان، وە هەوڵبدەن بەرکەوتن کەم بکەنەوە”.
ئاماژە بەوەشدراوە،” لەکاتی بوونی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستە دەست بەجێ سەردانی هەریەک لە کلینیکی ڕاوێژکاری شەهید تاهیر علی والی بەگ و کلینیکی ڕاوێژکاری شەهید د. هێمن بکەن بەهۆی بونی پسپۆڕی تایبەت تیایاندا”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داواکارین لە هاوڵاتیان ئەم ڕێنماییانە جێ بە جێ بکەن:
1. بەکارهێنانی ڤاکسین لەو جۆرانەی کە لە ئێستادا بەردەستە.
2. بەکارهێنانی دەستکێش و بەستنی ماسک.
3.خۆبەدوورگرتن لە تووشبوان و ئەو هاوڵاتیانەی گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.
4.گرنگیدان بە دەست شتن و پاک و خاوێنی و خواردنی خۆراکی تەندروست.
5.مانەوە لە ماڵەوە و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی.