سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

جەزائیر داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە بارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی غەززە دەکات.

نوێنەری جەزائیر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کردووە ئەنجوومەنەکە لە سەر ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە کەرتی غەززە دۆزراوەتەوە، هەروا گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دیکە، کۆبوونەوەیەکی داخراو ڕێک بخات.

هاوکات ڤاسیلی نێبینزیا نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆی نێودەڵەتیی کردووە بۆ بەدواداچوون و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کەرتی غەززە بۆ ئەوەی تاوانباران و بکەرانی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

لەلایەن خۆیەوە ئەنیۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە دەبێت ڕێگە لە بەردەم چوونی لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بچنە کەرتی غەززە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و ئاشکرا کردنی ناسنامەی قوربانییانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کەرتەکە.

مانگی ڕابردوو، دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی شاری خانیونس لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لە دوو ناوچەی جیاواز لە نەخۆشخانەکانی ناسر و شیفا گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینی لەو گۆڕەی بە کۆمەڵەی نەخۆشخانەی ناسر دۆزراوەتەوە نزیکەی 400 ڕووفاتی تێدا بووە.

بۆ لێکۆڵینەوە  و ناسینەوەی ڕووفاتەکان دەسەڵاتی فەڵەستین داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تیمی تایبەتی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کردووە، لەلایەن خۆیەوە ڕافینا شەمدانسانی، گوتەبێژی کۆمیسیارانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆری تەرم لە گۆڕەکان دۆزراوەتەوە کە بەشێکیان بە دەست بەستراوی کوژراون.

هه‌واڵی زیاتر