سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

فوئاد حوسێن گەیشتە ئەمریکا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تەمموزی 2021 ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق کە بڕیارە 23ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت گەیشتووەتە واشنتن و بڕیارە لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکەی ئەنتۆنی بلینکن سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکانییان بۆ گفتوگۆ بکەن.
سەبارەت بە دۆسییەی گوتوبێژەکانی رایگەیاند، “چەندین دۆسییە لە گەڕی چوارەمی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق باسدەکرێن، لەنێویاندا ئاسایش، سەربازی، پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، پەروەردە، وزە، ئاوەدانکردنەوە و چەندین بواری دیکە”.
ئەحمەد سەحاف گوتیشی، “هەردوو وەزیر ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی نێوان موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن دەکەن کە بڕیارە ئەم مانگە بەڕێوەبچێت”.
باسی لەوەشکرد، کە عێراق لەگەڵ ئەوەی باس لە پرسی مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، پابەندیشە بە بڕیاری دەسەڵاتەکانی یاسادانان کە باس لە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، “بێگومان یەکێک لە پرسەکان بریتی دەبێت لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق”.
هه‌واڵی زیاتر