ئهمڕۆ شهممه، 04-05-2024. مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازى له شاندێكى ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا كرد كه له سێناتۆر تێد بەد و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسولی گشتی لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون؛ گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە”.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.