وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان و لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەو رۆژانە دوور نین بە پێ بڕۆینە عێراق و سووریا و “سڵاو بۆ برایانمان لە لیبیا بنێرین.”
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20ی تەممووزی 2021 سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پرۆگرامێک بە ناوی جەژنەپیرۆزە قسەی کرد و چەند بابەتێکی وروژاند. یەکێک لەو بابەتانە دۆخی موسڵمانانی جیهان بوو، سۆیلۆ ئاماژەی بەوەکرد دابینکردنی ئارامی بۆ سووریا، عێراق، لیبیا، ئەفغانستان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرپرسیارێتیی سەر شانی تورکیایە. سۆیلو هەروەها گوتی: “خوا ئەو رۆژە بە ئێمە و ئێوەش نیشاندەدات.
ئەو رۆژانە دوور نین کە بە پێ بڕۆینە عێراق و سووریا و لەوێشەوە بەیەکەوە سڵاو بۆ برایانمان لە لیبیا بنێرین. ئەو رۆژانە دوور نین کە لە جوگرافیای موسڵمانانەوە تا فەڵەستین و ئەفغانستان باسی شارستانییەتی مرۆڤایەتی بۆ هەموو جیهان بکرێت”.
تاوەکو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتەکانی عێراق و سووریا لەبارەی قسەکانی سۆیلۆ نەبووە.