سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئیدی بەسە

لەبەرچی نیشانشکێنەکانی پەکەکە دەتوانن بەرپرسانی کورد بکەنە ئارمانج بەڵام ناتوانن بەرپرسانی ئیستیخباراتی تورک بپێکن؟ هەتا کەی لوولەی چەکی پەکەکە تەنها کوردەکان بناسێت؟!

بیروڕا: باكوریەك بۆ باشوور

پاش تیرۆرکرانی غازی ساڵح ئالیخان، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ، لە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 8/10/2020، لەلایەن چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە سنوورێک بۆ سەرکێشی و بێ ئەخلاقیەکانی پەکەکە و لایەنگرەکانی لە باشووری وڵات دابنرێت و چی دیکە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان لەژێر هەڕەشەو ترسی تیرۆری پەکەکەدا نەژین.

هەتا کات زیاتر تێپەڕ دەبێت، پەکەکە روخساری ڕاستەقینەی خۆی زیاتر دەردەخات و بە روونی دیارە کە ئامانج و ستراتیجی پەکەکە لە باشووری کوردستان چیەو دەیهەوێت لەو بەشەی نیشتماندا چی بکات. لەئیستادا پەکەکە لە هەر 4 پارچەی کوردستان دژ بە کوردەکان دەجووڵێتەوەو پێی وایە کە بە ئامانج کردنی کەسانی نیشتمانپەروەرو وڵاتپارێز و هەروەها هەڕەشە کردن لە دامەزراوەکانی ئاسایش لە باشووری کوردستان، دەتوانێ شکستە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی بشارێتەوە.

پەکەکە لە ئێستادا وەکوو مەستە سەرسەریەکەی لێهاتووە کە دەڵێت “من هەرکەس ببینم، تێی هەڵدەدەم”، پەکەکەش دەڵێت “هەر کوردێک ببینم تێیهەڵدەدەم”. لەحاڵێکدا کە پەکەکە باس لە تێهەڵدانی بەرپرسانی سەربازی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا ناکات و تەنها باس لە تیرۆر کردنی خەڵکی باشووری کوردستان دەکات.

کردەوە تیرۆریستیەکانی پەکەکە نوێ نین. بەڵکوو پێشتریش چەندین جار ئەو کارانەیان ئەنجامداوە. بەڵام لەبەر ئەوەی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان هیچ هەڵوێستێکی جیددیی نەبووە، پەکەکە دەست لەو کردەوانەی هەڵناگرێت. پێویست بوو لەکاتی تیرۆر کردنی نیشتمانپەروەرێک وەکوو کانی یەڵماز کە پەکەکە لە سلێمانی تیرۆری کرد، سنوورێک بۆ ئەو کردارە قێزەونانەی پەکەکە دانرابا.

پەکەکە وەکوو هەموو جارێک کە کوردێک دەکاتە ئامانج، بە خیانەت و سیخوڕی تۆمەتباری دەکات بۆ ئەوەی رەوایەتی بە کردەوە تیرۆریستیکەی خۆی بدات. پێشوەخت سیناریۆیەکەی ئامادە دەکات. راگەیەندراوی نووسراویشی ئامادەیە و تاوانە بێ بنەماکان دیسان دوبارە دەبنەوە تاوەکوو لەگەڵ هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سۆشیال میدیا و راگەیاندنەکانی خۆیاندا بڵاویان بکەنەوە و سیمای قێزەونی خۆیان و کردارە رەشەکانیانی پێ دابپۆشن.

مرۆڤ حەیران دەمێنێت کە پەکەکە لەبەرچی دەست لەم کردەوە قێزەونانەی بەر نادات. ئەگەر پەکەکە کوردایەتیی دەوێت و ئەگەر دەیهەوێت بۆ کوردەکان خەبات بکات، ئەگەر دەیهەوێ کوردستان بە سەربەخۆیی بگەیەنێت و نەتەوەی کورد بە سەربەستی بگەن، با بەرپرسانی دەوڵەتانی داگیرکەر بکەنە ئارمانج نەوەک کوردە هەژارەکە تیرۆر بکەن.

بە تیرۆر کردنی غازی ساڵح ئالیخان، چەند پرسیارێک سەر هەڵدەدەن کە هەر کوردێکی وڵاتپارێز پێویستە بەدوای وەڵامەکانیدا بگەڕێت. بۆچی پەکەکە بەرپرسانی تورک ناکاتە ئارمانج؟! بۆچی پەکەکە ئەردۆگان ناکاتە ئارمانج؟ ئایا لەوکاتانەی کە ئەردۆگان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئامەد، وان و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان دەسووڕێتەوە پەکەکە ناتوانن بیکەنە ئامانج؟ لەبەرچی نیشانشکێنەکانی پەکەکە دەتوانن بەرپرسانی کورد بکەنە ئارمانج بەڵام ناتوانن بەرپرسانی ئیستیخباراتی تورک بپێکن؟ هەتا کەی لوولەی چەکی پەکەکە تەنها کوردەکان بناسێت؟!

لە کۆتاییدا ئێمە وەکوو کوردانی باکوور کە زوڵم و ستەمی پەکەکەمان بەچاوی خۆمان بینیوەو هەستمان پێکردووە، تەنها شتێک دەڵێین، ئەگەر حکوومەتی هەریمی باشووری کوردستان دەیهەویت هاووڵاتیانی باشوور بە گشتی و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەناو دامودەزگا ئەمنیەکانی باشووردا کار دەکەن لە دەستی پەکەکە بپارێزێت، پێویستە هەڵویستێکی توند دژ بە پەکەکە وەربگرێت. پێویستە سنوورێک بۆ لایەنگرەکانی پەکەکە دابنێت کە لەئێستادا لە سۆشیال میدیادا سەرقاڵی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی قسەی شڕ و جنێوو بێڕێزی کردن بە پیرۆزیە نەتەوەییەکانی کوردن. پێویستە رێگری لە چالاکیە دژەگەلییەکانی پەکەکە بگیردرێت و پێیان بگوترێت “ئیدی بەسە” و لەجێگای خۆتان راوەستن. لەبەر ئەوەی پەکەکە تەنها لە زمانێک تێدەگات کە ئەویش ئەوەیە وەکوو مەستە سەرسەریەکە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.

هه‌واڵی زیاتر