بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.
ھەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت و زیاتر لە ١٣ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی دیکەش ھەموو ڕێکارەکانیان تەواوکردووە و چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەیان، چونکە لیژنەی پشکنین و ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان تەواوبووە و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە ھەوڵدایە بۆ خەرج کردنی مووچەکانیان.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: لە ھەرێمی کوردستان مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت ١٥٠ ھەزار دینارە بەگوێرەی یاسای کەمئەندامان، بەڵام ئێستا پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی عێراق ئامادەکراوە و بەگوێرەی پڕۆژەکە ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت.
ھەوراز عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەگەر پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردن ئەوە بێگومان کەمئەندامانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و مووچەکانیان زیاد دەکرێت، ئێمە وەکو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش ئامادەین بۆ ڕێکخستنەوەی لیستی مووچەی کەمئەندامان و لەکاتی زیادکردنی مووچەکانیان ھاوکاریان دەبین.