هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و بەردەوامی کاری دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە کاتێکدا باس لە ئەنجامدانی دووبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت وەک هەنگاوێکی دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر ئاماژەی داوە کە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و لایەنە سەرەکییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی جێگیر، بەهۆی دواکەوتنی هەندێ لایەن لە گەیشتن بە ڕێکەوتن، پەرلەمان نەیتوانیوە دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت و لایەنە سەرەکییەکان هێشتا پابەندن بە ڕێکارە دیموکراسییەکان.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە، ئەگەر تا دوو مانگی داهاتوو لایەنەکان نەگەنە ڕێکەوتنێکی کۆتایی، ئەوا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ لە مانگی شەشەم وەک چارەسەرێکی یاسایی و دیموکراسی دەگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی بڕیار بدەن بە دەنگی گەل، سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
زانیارییەکان ئاماژە دەدەن لەئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ، چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی سنووردار دەکرێت کە زیاتر لە بەرژەوەندی سەقامگیری و بەهێزکردنی دامەزراوە حکومییەکان دەبێت. بەپێی ئەو پێشبینییانە:
• پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت پێگەی خۆی زیاتر بەهێز بکات و بگاتە 42 کورسی،
• یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەنگاوێکی سنووردار بەرەو پێش دەگرێت و لە 23 کورسییەوە دەبێتە 24 کورسی،
• هەندێ لایەنی تر وەک نەوەی نوێ ڕووبەڕووی کەمبوونەوە دەبن لە 15 کورسی بۆ 5 کورای ئەمەش بەشێکە لە گۆڕانی هەڵوێستی دەنگدەران.
• هەروەها لایەنەکانی تر وەک هەڵوێست و یەکگرتوو بە شێوەیەکی گشتی هەوڵ بۆ پاراستنی کورسییەکانیان دەکەن.
چاودێران وای دەبینن کە ئەم هەنگاوە، ئەگەر ئەنجام بدرێت، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕێژەی ڕەزامەندی گشتی بە دامەزراوەکانی حکومەت، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و هاوکاریی نێوان لایەنەکان هەیە.

