سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لەئەنجامی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، 132 کەس دۆخی تەندروستییان تێکچووە

پارێزگای هەولێر لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە، دوای خەمڵاندنی قەبارەی زەرەر و زیانەکان دەست بە ڕاماڵینی پاشماوەکانی سووتاوییەکان و پاککردنەوەی بازاڕەکە کراوە.

ڕاشیگەیاندووە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

پارێزگای هەولێر هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێک چووبوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەکران و 15 كەسى دیکەش گواسترانەوە نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، ئاگرکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازیى بارزانى، ژینگە پارێزى کۆنترۆڵ کراوە و هاوکاریی کاسبارانی بازاڕەکە کراوە.

هه‌واڵی زیاتر