وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان سەردانی شوێنی ئاگرکەوتنەوەیان لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کردووە و دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگە و ئاماژەی وا لەبەردەستدا نەبوو کە هۆکاری ئاگرەکە کارەبا بووبێت.
لیژنەکەی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی حوسێن حەمەد قادر، راوێژکاری وەزارەت بووە. وەزارەتەکە دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگی و هاوکاریی بەردەوامیان دەبێت لەگەڵ لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر.
شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە بە گوتەی قایمقامی هەولێر بۆ رووداو 228 دووکان سووتاون. هاوکات دوو لیژنە بۆ دیاریکردنی زیانە ماددییەکان و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە پێکهێندراون.
ئێستا بازاڕەکە بە تەواوی داخراوە و هێزە ئەمنییەکانی لێ جێگیرکراون. قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، “تاوەکو لیژنەکان بە وردی زیانەکان دیاری نەکەن، رێگە نادەین خەڵک بچێتە نێو بازاڕەکەوە.”