سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە هەڵەبجە تەرخان کرا.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 465 ملیۆن دۆلاری بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی ڕێگاسازیی هەڵەبجە تەرخان کرد.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتەکە ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 465 ملیۆن و 795 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگاسازی.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی (100%)ی داهاتی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەیە و بەپێی ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگاسازی لە گەڕەكی فەرمانبەران بۆ قۆناغی یەكەم لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەدا.

ڕۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی ئەو گوژمەیەی پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە و داوای کرد هەنگاوەكانی پرۆژەكە بە زووترین كات جێبەجێ بکرێن.

ڕۆژی (22ـی شوباتی 2024)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناغەی ڕێگەی هەڵەبجە – تووەقوت – قلیجە و پردی تووەقوتی دانا و دواتریش چەندین دیداری لەو شارە کرد.

هه‌واڵی زیاتر