وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “گەشبینین” کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە. داواش دەکات هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-04-2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “گەشبینین دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە، چونکە لەو کۆبوونەوانەی لە بەغدا کراون، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ پێکهاتەکان دەربڕیوە”.
ئایدن مەعروف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان ناده‌ستوورییه و دژی فه‌رهه‌نگی پێکەوەژیانە”. گوتیشی، “بوونی پێكهاته‌كان له كۆمه‌ڵگه و نوێنه‌رایه‌تییان له په‌رله‌مان گرنگه و پێویسته به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت”.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەوەشی خستەڕوو، “هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌كان و سیسته‌می كۆتا، زۆر جیددی بوو و به پێویستیشی زانی هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوشێوه‌ی پارتی به‌رگری له مافی پێكهاته‌كان بكه‌ن”. ڕاشیگەیاند، “سەرۆک بارزانی هەمیشە پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان کردووە، ئەو مەبەستییەتی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردن بەشداربن”.