سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

چاودێران: پێویستە ئەمەریکا بە سیستەمی بەرگری ژێرخانی وزەی کوردستان بپارێزێت.

بەشێک لە شرۆڤەکاران کە شارەزای پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکان، پێیان وایە، دەبێت ئەمەریکا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی، بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەو کێڵگەیەی هەرێمی کوردستانە کە ئەمەریکا هیوای لەسەر هەڵچنیوە ببێتە دابینکەری غازی سرووشتی بۆ تەواوی عێراق، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ نۆیەمین جار کەوتە بەر هێرشی درۆنی.

وەزارەتی وزەی ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بڕی 250 ملیۆن دۆلاری وەک قەرز داوەتە کۆمپانیا سەرکارەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانیان بەو ئامانجەی غازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا و بواری پیشەسازی بۆ سەرتاسەری عێراق دابین بکات و عێراق چی دیکە پشت بە هاوردەکردنی غازی ئێران نەبەستێت.

ڤینسێنت کۆمپاس، شرۆڤکاری سیاسی ڕایدەگەیەنێت، “سەبارەت بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێک نییە بۆ هیچ کەسێک هێرش بکاتە سەر سیستەمی وزەکەی. دەربارەی هەڵوێستی ئەمەریکا، کاردانەوەی ئەمەریکا سنووردارە کە دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی تەواوی کوردستان.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەرکێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد، داواش دەکات بەغدا بکەران دەستنیشان بکات و رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.

هه‌واڵی زیاتر