سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

سەرۆككۆمار لەنێوان شەونخونی و ڕۆژنوستنیدا

سەرۆككۆمار لەنێوان شەونخونی و ڕۆژنوستنیدا.

ماددەی ٦٧ی دەستور
((سەرۆككۆمار سەرۆكی وڵاتە و ڕەمزی یەكپارچەی وڵات تمثیلی سەروەری وڵات دەكات و شەونخونی دەكات بۆ پابەندبوون بە دەستور، پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵات و یەكپارچەیی دەكات بەپێی ئەحكامەكانی ئەم دەستورە))

سەرۆكی دادگای باڵای فیدرالی:
((ئەرکی ئێستای دادگای فیدراڵی تەنها جێبەجێکردنی دەستوور نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە)).

بەپێی ماددەی ٦٧ی دەستور بێت سەرۆككۆمار دەبێت شەونخونی بكات بۆ زامنكردنی جێبەجێكردنی دەستور بەڵام لە راستیدا نەك شەونخونی نەكردووە بەڵكو پێدەچێت بە ڕۆژنوستنی كردبێت چونكە نەك گەرەنتی جێبەجێكردنی دەستور و مافەكانی هەرێمی زامن نەكردووە بەڵكو بە ڕۆژی ڕونا دادگای باڵا خەریكە ئەركە دەستورییەكانی سەرۆككۆمار زەوت دەكات كەچی سەرۆك كۆمار هەر بێدەنگە، هەروەك لە سەرەوە ئاماژەم پێدا بەپێی ماددەی ٦٧ ئەركی پاراستنی یەكپچارەیی عێراق كە ئەركی سەرۆككۆمارە ، كەچی سەرۆكی دادگاكە لە لیدوانێكدا ئەم ئەركەی بە ئەركی دادگای باڵای ناوبرد كەچی فەخامەتی سەرۆككۆمار هەر بێدەنگە، بۆیە پێدەچێت فەخامەتی سەرۆككۆمار لەجێی شەونخونی، ڕۆژنوستنی بكات بۆیە نەك لەسەر مافی هەرێم و دەستور بەڵكو لەسەر مافی خودی خۆشی بێدەنگە!

خەڵكی دەپرسن بۆچی پەرلەمانتاران و وەزیرانی كورد لە بەغدا دەستلەكار ناكێشنەوە بەڵام كەس ناپرسێت بۆچی سەرۆككۆمار دەستلەكارناكشێتەوە؟
وێڕای ئەوەی بۆ ئێمەی پارتی هیچ بژاردەیەك هێلی سور نییە و دەستڵەكار كشانەوە یەكێكە لە بژاردەكان بەڵام ئەگەر نەك تەنیا پارتی هەر ٦٣ پەرلەمانتاری كورد بكشێنەوە ئەوا ٦٣ جێگرەوە دەچنە جێگەیان بەڵام
سەرۆككۆمار یەك كەسە و پارێزەری دەستور و یەكپارچەیشە، دەستەلەكار كێشانەوەی ڕیسەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكاتەوە بەخوری، هەموو پرۆسەی سیاسی عێراق دەخاتە بەردەم قەیرانێكی قوڵەوە و زۆر قوڵتر لەو قەیرانانەی دادگای باڵا بۆ هەرێمی كوردستانی دروستكردوون.
چونكە ئەوەی سەرۆككۆمار لە هەموو پۆستێكی عێراق جیادەكاتەوە ئەوەیە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ٢٢٠ كورسی هەیە، دڵنیام قەد و قەد ئەم ژمارەیە بە چوارچێوە كۆنابێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارێكی نوێ، بۆیە ئەگەر فەخامەتی سەرۆككۆمار نییەتیشی نەبێت لەپێناو مافە دەستورییەكان و موچە و بودجەی كورد دەستلەكاربكێشێتەوە ئەوا با هەر وەك كارتی فشار ئەرك بكێشێت و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە بكات ئینجا دەبینین چۆن پلاندانەرانی دژی هەرێم ئیفلیج دەكرێن و ڕۆناكی لە قوڵایی تاریكیدا بەدەردەكەوێت،

لەكۆتاییدا ئەم پارچە شعرەی شاعێری گەورەی كورد و سلێمانی شێركۆ بێكەس پێشكەش دەكەم بە فەخامەتی سەرۆككۆمار:

من خۆم بووم خۆم
سێدارە هەڵوەشاوەکەم
سەر لە نوێ دروستکردەوە و
بە شانی خۆم هێنامەوە
بەر دەم بەغدا
من، خۆم بووم خۆم
ماری سڕ بووی ئەم عێراقەم
سەر لە نوێ گەرم کردەوە
تا پێوەم با

سیپان شێروانی
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

هه‌واڵی زیاتر