سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

دۆخەکە دەگۆڕێت وکودەتای بەغدا پوچەڵدەکرێتەوە

دۆخەکە دەگۆڕێت…کودەتای بەغداو پوچەڵکردنەوە
تەنیا کوردی

دوێنێ لەیەکەم فشاری پارتی، دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێکی پێوەست بە موچەی گۆڕی، بەڵام بابەتەکە تەنیا پرسی موچە و بودجە نییە، مەبەستی سەرەکی مەتبەخی سیاسی پشتەوەی دادگاو ئەو ھێزەی لە سێبەرەوە سێرەی لە ھەرێم گرتووە، کۆمەڵێک ھەنگاوی دیکەی لە پێشە لە دژی ھەرێمی کوردستان و پارتی، لەوانە:
یەکەم: مەتبەخی سیاسی پشتەوەی دەسەڵاتی عێراق، دەسکاری دەنگدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و، ئەنجامی ھەڵبژاردن لە بەغدا لە دژی پارتی بگۆڕن.
دووەم: ھەرێم بەتەواوی مەلەفی ئەمنی و دیپلۆماسی و سەربازی و ئابووری بارمتەی مەتبەخی سیاسی پشتەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق بکات.
سێیەم، دەستووری عێراق بگۆڕن و وەک ئێستا کە دەستووریان فەرامۆشکردووە، مادە سەرەکییەکانی پێوەست بە ھەرێم بگۆڕن.
چوارەم: مادەی ١٤٠ نەھێڵن.
پێنجەم: سلکی ئەمنی ھەرێم بە ناشەرعی دابنێن.
شەشەم، ھێزی پێشمەرگە دەسەڵاتەکانی لەژێر ھەرێم نەبێت و ئیتر لەنێو ھەیکەلی وەزارەتی بەرگری کۆنتڕۆڵی بکەن.
حەوتەم: ھەرێم بکەنە پارێزگایەک و لەڕووی دەسەڵاتەوە پەڕوباڵی بکەن و داتاو زانیاری ھەرێم لە بەغدا کۆنتڕۆڵ بکەن.
ھەشتەم، دۆخێکی نالەبار و فەوزا لە ھەرێم دروست بکەن، کە ئیتر ھەرێم لەڕووی ئازادی و مافی سەربەخۆی لە داھاتوو و جموجۆڵی دیپلۆماسی بارمتە بێت.
نۆیەم، دەستبەسەر وزەی ھەرێم بگرن.
دەیەم، دەست بەسەر ناوچە کوردستانییەکان بگرن و ئیتر ئەو ناوچانە لە سنوری کوردستانیبوون ناسنامەی بگۆڕن.
یازدەم، قەزیەی کوردی لە پرسێکی جیھانییەوە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی مەتبخی سیاسی وڵاتێکی ئیقلیمی و دەسکەوت و شانازییەکانی کورد بسڕنەوە.
کۆی ئەم ھەنگاوانەی بەغدا بۆ ئەوەیە کە ھەرێم خۆی رادەستی رێککەوتنێکی سەربازی نێو مەتبەخی سیاسی پشتەوەی دسەڵاتدارانی بەغدا بکات، تا ھەرێم ببێتە بەشێک لە ھێڵی حوسی و حزبوڵاو حەشد و کەتیبەکانی تر.

بەڵام دۆخەکە دەگۆڕێت…
سەرۆک بارزانی ھەیە، نەخشەڕێگای سەرۆک زۆر بە وردی وەک ھەندەسەی بەرگری و پوچەڵکردنەوەی گشت پیڵانگێڕییەکانی ئەم مەتبەخە سیاسییە لەڕێیە.. ئەم کودەتایەی سەر ھەرێم بە وردی و پێشوەدتە دیراسەکراوە ئەوانەی لە بەغداو لە ھەرێم دڵخۆشن بە کەوتنی ھەرێم، خۆیان و خەونەکانیان دەچنە گۆڕوە، بەڵام ھەرێم لە دەستی رێبازی بارزانی بەردەوامی بە دەسکەوت و شانازییەکانی دەدات.
دوێنێ دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێکی گۆڕی، ئەگەر مەتبەخی سیاسی پشتەوەی دادگاو دسەڵاتی بەغدا نیەتی نەگۆڕێ، لە پرسە دەستوورییەکانی ھەرێم و شایستە داراییەکان، ئیتر ئەم دۆخە بۆ بەغداو ئەوانەیشی لەژێرەوە بۆ بەغدا ھەڵدەپەڕن ناچێتە سەر، ھەرێم تەختە رەشی شەترەنج نییە گەمەی لەسەر بکرێت، ھەرێم بە باوەڕ و فکری رێبازی بارزانی ئەو فیل و وەزیر و میرانەش کشومات دەکات کە دەیانەوێ بە فیتی دەسەڵاتێکی سیاسی بەغدا، ببنە داشی نێو شەترەنج.
ئەوانەیشی دەترسن و دەستیان تێکەڵە لەگەڵ بەغدا، ناتوانن ئازاد بن با لە داھاتووش ھەر پیرۆزی بەغدا بن، وەک غاندی دەڵێت، توڕەیی کاتژمێرێکە میلی نییە.. سەبری پارتیش مەرج نییە ھەر میلی ھەبێت.

هه‌واڵی زیاتر