سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

سەرۆکی حکومەت لە کۆشکی سپی له‌گەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی لەگەڵ جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک جۆ بایدن سڵاو و ڕێزی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت هەیە و پشتیوانیی کۆشکی سپیشی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپات کردەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا، ستایشیی ئازایەتی و خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کرد بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشەبودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پارێزراو بێت و پێشێل نەکرێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵیی لە عێراق کرد.

هه‌واڵی زیاتر