سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ناوەندی ستراتفۆری ئەمریكی: به‌هۆی په‌كه‌كه‌، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ چه‌قی ململانێی نێوان توركیا و ئێران

هەفتەی رابردوو ناوەندی ستراتفۆری ئەمریكی وەك نەریتێكی هەمیشەیی، راپۆرتێكی لەبارەی پێشبینییەكانی خۆی بۆ سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ بڵاوكردەوە. لە بەشێك لەو راپۆرتەدا هاتووە كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، مەترسیی هەڵایسانی شەڕی نێوان هێزە كوردی و شیعی و سوننییەكان زیاتر دەبێ.
راپۆرتەكە لەو بەشەدا كە تایبەتە بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فۆكەس دەخاتە سەر شەڕی نێوخۆی سووریا، شەڕی مووسڵ، گشتپرسییەكەی توركیا و هیلالی شیعی كە ئێران بە نیازە لە سنوورەكانی رۆژئاوای خۆیەوە هەتا كەنارەكانی دەریای نێوەڕاست بیكێشێ.
بەپێی راپۆرتەكەی ستراتفۆر، لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا كەركووك خاڵی تەركیزی هێزە سیاسییە كوردییەكان و بەغداش دەبێ، چونكە “عێراق و حكومەتی هەرێم و پارتە كوردییە ناكۆكەكان ململانێ دەكەن لەسەر بەدەستەوەگرتنی كۆنترۆڵی پارێزگاكە و نەوتی كەركووك”.
ناوەندە ئەمریكییەكە چاوەڕێش دەكات هەرێمی كوردستان وەكوو مەیدانی ململانێی توركیا و ئێران بمێنێتەوە، چونكە “توركیا وجودی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باكووری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی وەكوو بیانوویەك دەقۆزێتەوە بۆ جێگیركردنی هێز لە هەرێمەكەدا”.
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا تێدەپەڕێ و شەڕەكە چووەتە دیوی رۆژئاوای شارەكە. ناوەندە ئەمریكییەكە پێشبینی دەكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی ئۆپەراسیۆنەكە “ناكۆكیی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتی عێراقی (بۆ لێدانی داعش) تۆختر دەبێتەوە”، بۆیەش چاوەڕێ دەكرێ بە درێژایی چارەكی دووەمی ئەمساڵ مەترسیی شەڕی نێوان هێزە شیعە، سوننە و كوردییەكان زۆر بێت، بە تایبەتیش لە باكووری پارێزگای نەینەوا. 
بەگوێرەی پێشبینییەكانی ستراتفۆر، چاوەڕێ ناكرێ لە چارەكی دووەمی 2017دا لایەنە ناكۆكەكان (كورد، شیعە و سوننە) سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای نەینەوا بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی. راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەدا كە تەلعەفەر، كەركووك و شنگال ناوچە سەرەكییەكانی جێی ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغدا دەبن.
هه‌واڵی زیاتر