سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2014 تا 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 حوکمی کەرکووک بەدەست کوردەوە بووە، بەلام بەهۆی ڕێکەوتنی ژێربەژێری جەلال تاڵەبانی لەگەل لایەنە عەرەبییەکان هەمیشە کورد کەمینەی کەرکووک بووە، چۆنکە بەپێی ڕێکەوتنەکەی جەلال تاڵەبانی دەبێت کەرکووک تەنها %32 بەدەست کوردەوە بێت و %32 بۆ تورکمان و %32 بۆ عەرەب و %4 بۆ مەسیحی، بەمەش عەرەب و تورکمان پێکەوە لە %64 کەرکووک پێکدەهێنن و کورد تەنها %32.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کورد ئەو بەربەستەی تێپەراند کە جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشوتری عێراق داینابوو و توانی لە کۆی 15 کورسی 7 کورسی بەدەست بهێنێت، کە دەکاتە %44 دەنگەکانی کەرکووک و عەرەب %38 و تورکمان %18.
چاودێرانی دۆخەکە پێیان وایە نابێت کورد چیتر بگەڕێتەوە بۆ رێکەوتنەکەی جەلال تاڵەبانی چۆنکە ئەو رێکەوتنە بە زەرەری کورد شکاوەتەوە و بە ڕیکەوتنە سەقەتەکە ناوی دەبەن، کە بەهۆیەوە کورد وەک کەمینە دەردەکەوێت.