سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

کرمانج عەبدوڵڵا وەڵامی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ دەداتەوە


کرمانج عەبدوڵا لە وەڵامی قسەكانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ: بەم قسانە دەگوترێ خەونی حوشتر
ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە كە گوتبووی، دەیانەوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا ببەنەوە، وەك ئەوەی خەڵكی كوردستان نەزانن ئەو دەنگانەی حزبەكەی لە كەركووك پێی دراوە، پاداشتی كام خیانەتیان بێت!

لە بەرامبەردا كرمانج عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، بەرامبەر بە قسە و لێدوانەكانی بەرپرسانی یەكێتی، لەناویان شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، رايگەیاند: ”بەدڵنیاییەوە دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە، ئەو واقیعەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە ناوچە كوردستانییەكان، بە تایبەت لە کەرکووک دروست بووە، بەداخەوە واقیعێکی نەخوازراو بوو، لایەنێکی کورد تێیدا بەشدار بوو، بۆیە لەم هەڵبژاردنە بە هاوکاریی خزم و دۆستەکانیان، چاکەی ئەو هەڵوێستەیان درایەوە، کە لە 16ی ئۆکتۆبەر هەیانبوو، خۆ ئەگەرنا خەڵکی کوردستان لایان روونە، کە واقیعی هەرێمی کوردستان، شەرەف و کەرامەتیان و ئەم قەوارەیە کێ پاراستوویەتی.“

گوتیشی: ”بە پاڵپشتیی ئەو هێز و لایەنانەی داگیرکەرن و لەوێبوون، نەیانهێشت هێزە نیشتمانییەکان و خاوەن هەڵوێستەکان، لە ناوچە كوردستانییەكان نە بارەگایان هەبێت، نە جێگایەک.“

سەبارەت بەو غروورەیان، کە وا دەزانن لە هەرێمی کوردستانیش هەمان دۆخی کەرکووکە و دەتوانن بە ویستی خۆیان دەستکاریی دەنگەكان بکەن و کورسییەکانییانی پێ زیاد بکەن، کرمانج عەبدوڵا دەڵێت: ”خوالێخۆشبوو کاک سامی عەبدولڕەحمان دەیگوت ئەوە خەونی حوشترە.“

جەختی لەوەش كردەوە، کە ئەم خەیاڵپڵاوییەی یەکێتی خەونی حوشترە، ”دەبێ ئینسان زۆر پەلە نەکات، ئینشائەڵا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت و دەیبینین، دەبوو برادەرانی یەکێتی بە نەفەسی کوردانە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان مامەڵە بکەن، نەک لە چوارچێوەی تەسکی حزبی، چونکە خیتابی سەرۆک بارزانی سەرکەوتنی کورد بووە.“ گوتیشی: ”ئێمە وەك پارتی، خۆمان بەو شتە لابەلایانە سەرقاڵ ناکەین، حزبێکی دامەزراوەین و 77 ساڵمان تەمەنە، خاوەنی سەركردایەتییەكی تۆکمەین، جەماوەرێکی جێگیرین، رابەرێکی کاریزمامان هەیە، دەبوو ئەمانە لە شەستەكانەوە تا ئێستا لە ئەزموونی باوک و باپیرانیان و سەرکردەکانی دیکەیان کەڵکیان وەربگرتبایە، چونكە ئەوانیش زۆر لەم قسانەیان دەکرد، بەڵام سەریان لە بەردی ئەلحەد دا.“

كرمانج عەبدوڵا بە سەركردەكانی یەكێتی دەڵێت: ”ئەگەر دەیانەوێ باڵادەست بن و لە کوردستان هێزی یەکەم بن، ئەمە ئەرز و ئەوە گەز، خۆ کەس دەستی نەگرتوون؟ ئەگەر دەیانەوێ خزمەتی کوردستان بکەن، با لەو شوێنانەوە دەست پێ بکەن، کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیانە، ئێستا خەڵک بچێت سەیری سلێمانی بکات، دەبینێت بازرگان ناوێرێ بازرگانی بکات، خەڵک ناوێرێ بە ئازادی قسە بکات، کەسێک ناتوانێ با ئازادی لە ماڵی خۆی کار و کاسبی بکات، هەر کات توانییان ئەمە چاک بکەن، ئێمە مەمنوون دەبین با بێن لەگەڵ ئێمەش کاری باش بکەن، ئەوان لە 1993 و 1994 لە هەولێر بوون، ئەوکات شەڕی ناوخۆ بوو، با لە خەڵکی هەولێر بپرسن سەیارەیان بۆ دەبردە سەربان و خۆیان دەشاردەوە؟ دۆخی هەولێر چۆن بوو؟ ئایا دەیانەوێ باڵانس بەم جۆرە چاک بکەن؟ ئەگەر وابێت خەڵکی هەولێر دیتوویانە.“

لە كۆتاییشدا بەوە ئامۆژگاریی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كرد كە ”کەسی سیاسی دەبێت هەندێک ئەولەویەت دابنێت، دەبێت رێکخراوێک هەبێت کە نوێنەرایەتیی سیاسەتی بکات، رێکخراوەكەی ئەم بەڕێزە فرە کوێخان، ئەم شەڕ و ململانێیەی کە ئەم برادەرانە دەیهێننە ناو کوردستان، بنكەی جەماوەریی خۆیان پێیان خۆش نییە، ئێمەش وەک کورد ئەوەمان پێ خۆش نییە.“

وەرگیراوە لە باسنیوز

هه‌واڵی زیاتر